ژنانی کۆیە: نابێت ژنان بترسن لەوەی سکاڵا بکەن
لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، ژنانی کۆیە ڕایانگەیاند، "کێشەكانی ژنان زۆرن، بە تایبەتی بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیكردن و نابێت بترسن لەوەی سکاڵا بکەن.
شیا کۆیی
کۆیە- دوێنێ کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو، لەلایەن نووسینگەی کۆیەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان پانێڵێک بەڕێوەچوو باس لە ڕێکارە یاساییەکانی سکاڵاکان و توندوتیژی دژی ژنان کرا.
بەیار جەواد، ئەندامی ڕێکخراوی پێگەیاندنی ئافرەتان لە کۆیە، لەبارەی کارەکانیان بۆ خزمەتی ژنان بۆ نوژنها دوا و وتی: وەک ڕێکخراوی پێگەیاندنی ئافرەتان-WRO کاری جیاواز دەکەین و ساڵانە چالاکیمان زۆرە بۆ ژنان، بەڵام گرنگترینیان پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی، پاڵپشتی یاسایی، پاراستنی منداڵ و پاڵپشتیکردنی ژنانە بۆ بەشداریکردن لە خولە پیشەییەکان.
بەیار جەواد ئاماژەی بەوەشدا، کە پێویستە ژنان و کچان بەشدار بن لەم جۆرە خولانە كە هۆشیارییە دەربارەی ئەوەی چۆن ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە و بتوانن لەو کاتانە سکاڵا تۆمار بکەن، یان لایەنی پەیوەندیدار وەک ڕێکخراوەکان یان نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لێ ئاگادار بکەنەوە. وتیشی: نابێت ژنان بترسن لەوەی سکاڵا بکەن، نابێ بترسن لەوەی کۆمەڵگە بە خراپ بیر بکاتەوە، ئێستا کارەکان زۆر بەنهێنی لەلایەنی پەیوەندیدار چارەسەر دەکرێت و ترسی ناوێت.
ئاسکە جەعفەر لە نووسینگەی کۆیەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان وتی: نووسینگەکەی ئێمە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و باوەڕ پێکراوە، بۆیە گرنگە ژنان متمانەی پێ بکەن، چونکە داکۆکیکارە لە مافی ژنان و بە کردەوەش ئەوەمان سەلماندووە، کە داکۆکی لە هەموو ئەو کەیسانەی ژنان دەکەین، کە پەنا دەبەن بۆ نووسینگەکانمان و لەگەڵ توێژەر و لێکۆڵەرەوەکانمان بەپێی یاسا کێشەو گرفتەکانیان بۆ چارەسەر دەکەین.
چیمەن ڕەفیق بەرپرسی ڕێکخراوی کۆیەی یەکێتی ژنانی كوردستان، وتی: ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان ئامادەبووین و ساڵانە چالاکیمان هەیە، ئەوەی سەرنجی راکێشاین نمایشی کورتە فیلمی (حەفت و نیو) بوو، کە باس لەوەکات باوکەکە گرنگی بە کچەکەی نەدەدا و دواتر کچەکە تووشی هەڵە دەبێت و پاشان کەیسەکەی گەورەتر بوو، بەڕاستی ئێستا ئەو کێشانە زۆرن بە تایبەتی بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیكردن، كە ڕۆژانە ئێمە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی وادەبینەوە.