"یەکگرتوویی ژنان پەیوەستە بە تێگەیشتن لە تێکۆشان و خۆڕاگری ژنانی ڕۆژئاوا"

ژنانی چالاکوانانی شاری سنە هێرشی چەتە بەکرێگیراوەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر سووریا و بە تایبەت بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد و خوازیاری چارەسەرکردنی دۆخی ئەو ژنە دیلانەی شەڕڤانان بوون، کە شەڕیان کرد بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکەیان

ئەمیرە محەمەدی

 

سنە- هێرشی دڕندانەی هێزە بەکرێگیراوەکانی سەر بە دوڵەتی تورکیا کە لە ٢٧ی ئەم مانگەوە، دژی سیستمی خۆبەڕێوەبەری خەڵکی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی ژنان دەستیپێکرد، هیچ پاساوێکی یاسایی نییە. ژنانی سنە، یەکگرتوویی ژنان نەک تەنیا لە ڕۆژئاوا، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، بە پێویستییەک بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان دەزانن و تێگەیشتن لە تێکۆشان و خۆڕاگری ژنانی ڕۆژئاوا بە پێشمەرجێک بۆ گەیشتن بەم یەکگرتووییە دەزانن.

 

"ڕۆژئاوا شێوازێکە لە ژیانێکی ڕاستەقینە"

ژیلا م. یەکێک لە چالاکوانانی ژنانی سنەیە و دەڵێت: ڕۆژئاوا شێوازێکە لە ژیانێکی ڕاستەقینە، ژیانێکی پڕ لە بەهای مرۆڤایەتییە، بۆیە پێش هەموو شتێک پێویستە گرنگی بەم خاڵە بدەین، هەرچەندە هەموو سوریا هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا بە تایبەتی لە ئەجێندای دەوڵەتی تورکیادایە، هەر جاریش نەک تەنها لەبەر پێگەی جیۆپۆلەتیکییەکەی، بەڵکو بەهۆی شێوازی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری خەڵکی ڕۆژاڤا کە هەیەتی، هێرش دەکرێتە سەری.

 

سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و شێوازی ژیانی خەڵکەکەی دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دوژمنانی ئەم سیستمە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سیستەمی قازانج و سەرمایە دەزانن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بە بیانووی بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ئەم کۆمەڵگە ئایدیاڵە. ئەم هەڕەشەیە نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوا لە کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان، چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی سیاسی، کێشە و مەترسی بەدوای خۆیدا دێنێت.

 

دەشڵێت: لە ڕۆژئاوای کوردستان شاهیدی ڕۆحی ئاشتیخوازانەی گەل و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان و بەتایبەت ژنان دەبین کە پڕن لە ئارامی و لە کاتی پێویستدا ئازایانە تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەن. بۆ باشتر تێگەیشتن لەم بابەتە دەتوانین ئاماژە بە تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا لە دژی گروپی داعش بکەین؛ تێکۆشانێک کە خۆی هێمای بەرخۆدانە و ئەمەش بووەتە دڕکێک لە چاوی دوژمناندا. ئەم دوژمنانە بەرگەی ئەو جۆرە ژنانە ناگرن و هەمیشە هەوڵی لەناوبردن یان تەسلیمکردنیان دەدەن. هۆکاری ئەم کاردانەوەیانە ترسی ئەوەیە کە ژنان بتوانن چارەنووسی میللەتێک بگۆڕن و ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنیدا، چونکە پەرەسەندنێکی لەو شێوەیە بناغەی حکومەتەکانیان دەهەژێنێت.

 

هەروەها لە درێژی قسەکانیدا ئاماژە بەوەدەدات کە ڕووخساری ناشیرینی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەموو جیهان ناسراوە و ئەگەر هەندێک لە دەوڵەتەکان ئەمە هەر پشتگوێی بخەن، لەبەر بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیانە.

 

"ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام تووشی چەوساندنەوە دەبن"

ژنە چالاکوانێکی دیکە بە ناوی خوازراوی سارا ش. دەڵێت: پێویستە گرنگی بەو ڕاستیە بدەین کە تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوا دەتوانێت مۆدێلێک بێت بۆ تێکۆشانی ژنان لە هەموو جیهاندا. لە لایەکی دیکەوە ژنان لە کوردستان و بە شێوەیەکی گشتیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام تووشی دوو چەوساندنەوە دەبن، بۆیە ژنانی ڕۆژئاوا ڕۆشنایی ئومێدێکن بۆ تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها یەکێکن لە ئامانجە گرنگەکانی دوژمن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​لەبەردەم کامێراکانیاندا بێڕێزی بە ژنانی دیل دەکەن. لە خەیاڵیاندا خەریکی وێرانکردنی شکۆمەندی ئەو تێکۆشەرانەن، بێ ئاگا لەوەی خۆیانیان کردۆتە ڕیسوای جیهان.

 

''یەکگرتوویی ژنان پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی یاساکانی دژە ژن"

هەروەها تێشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بە نیشاندانی دیمەنی ژنانی شەرڤان کە له کاتی شەڕی داعشدا، توانیان سەرنجێکی زۆر له جیهاندا بۆ خۆیان ڕابکێشن، لە ئیستادا دەبینین کە لە میدیاکانی باشووری کوردستان هەوڵ دەدەن ترس لە ناو کۆمەڵگە دا دروست بکەن. هەموو دونیا ئەمە دەزانێت، ئەم شەڕە، شەڕێکی میدیایی تایبەتە لە لایەن دوڵەتی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە لە ڕێگەی کەناڵی ڕۆداوەوە دەستی پێکردووە و دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە خۆڕاگری و تێکۆشانی ژنان بشێوێنن. ئەم کردارە لە ڕاستیدا پاژنەی ئاشیلی پیاوسالاری و سەرمایەدارییە. دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، لە ڕێگەی کەناڵە ئەلکترۆنیی و میدیاییەکانەوە وەک ڕووداو لە باشوور، بەنیازە لە هەموو جیهاندا بە ژنان نیشان بدات کە هێشتا پیاوسالاری لە شوێنی خۆیدایە و ئێوە لە هیچ دۆخێکدا نین کە بەرپەرچ بدەنەوە. بۆیە ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو ژنانی تێکۆشەر کە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە لە هەموو جیهانەوە بدرێتەوە و نابێت بێ وەڵام بمێنێتەوە. لە ئەنجامدا لەم کاتەدا یەکگرتوویی ژنان پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی یاساکانی دژە ژن لە جیهاندا.

 

ئەو چالاکوانە ژنە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا دەناسین، هەرچەندە ئەمە تێکۆشانێکی سەپێندراوە، بەڵام خۆڕاگری ئەو ژنانە پێویستییەکە کە دەتوانێت جارێکی دیکە داستانێکی مێژوویی تێکۆشانی ژنان دروست بکات کە جیهان لێی فێربێت، ئێمە جارێکی دیکە بە دیل گرتنی ژنانی ڕۆژئاوا ئیدانە دەکەین و ئێمە دەنگی ئەوانین و داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەکان دەکەین کە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببنەوە.