بە بیانووی بەنداوی سەردەشت دار بەڕووەکانی زاگرۆس دەبڕێنەوە
بارهەڵگرەکانی دار بەڕوو دەگوازنەوە، لە ژێر سێبەری مۆڵەتی بەنداوی سەردەشت خەریکی وێرانکردنی دارستانەکانی زاگرۆسن.
نیان ڕەشیدی
سەردەشت- ماوەی چەند هەفتەیەکە بارهەڵگرە قورسەکان کە دارە بەڕووەکانیان هەڵگرتووە، بە ئازادی لەناو ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە دەسوڕێنەوە، مۆڵەتیشیان بە ناوی "دارە بڕاوەکانی ژێر بەنداوی سەردەشت" هەیە، کە تەمەنیان چەند سەد ساڵە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا بەڕاستی ئەو بارانە پەیوەندییان بە بەنداوی سەردەشتەوە هەیە، یان ئەمە تەنها بەرگێکە بۆ بە قاچاخ بردنی دار لە دارستانە بەنرخەکانی زاگرۆس؟
چیرۆکی بەنداوی سەردەشت و بانگەشەی داربڕین
بەنداوی سەردەشت کە زیاتر لە دە ساڵی خایاند تا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتی دروستکردنیدا، دەیان هێکتار دارستانی بەڕووی ناوچەکەی خنکاند. لەو کاتەدا دارەکانی ناوچەی بەنداوەکە بڕدرابوون. ئێستا دوای دە ساڵ لە کارپێکردنی ئەم بەنداوە، بارهەڵگرەکانی پڕ لە داری بەڕوو هێشتا ئەم ناوچەیە خاڵی دەکەنەوە لە بەڕوو، ئایا ئەمە نیشانەی خراپ بەکارهێنان یان قاچاخی سامانە سروشتییەکانە؟ ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی ڕوون لەبارەی ژمارەی وردی داربڕەکان و سەرچاوەی ئەو بارانە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەو بارهەڵگرانەی کە دارە بڕاوەکانیان هەیە مۆڵەت وەردەگرن
بەپێی یاساکانی ئێستا بڕینی دارەکانی دارستان تەنها بە مۆڵەت ڕێگەپێدراوە و ئەوەش بۆ ئەو دارانەی کە لەناوچوون یان مەترسییان لەسەرە. بەڵام بەشێک لە بارهەڵگرەکان ئەو بارانە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران دەگوازنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو دارانە هی دارە ژێرئاوکەوتووەکانی بەنداوی سەردەشتن. چالاکانی ژینگەپارێزیش دەڵێن، قاچاخچییەکان بە هاوکاری کۆمپانیاکان، ئەم بیانووەیە بۆ گواستنەوەی نایاسایی دارە بەڕووەکان بەکاردەهێنن.
ژیلا، چالاکوانی ژینگەپارێزی دەڵێت: درۆیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەین ئەو دارانە تەنیا لە ناوچەی بەنداوی سەردەشت کۆکراونەتەوە، زۆربەی ئەو بارانە ئەو دارانە دەگرێتەوە کە بەم دواییە و بە شێوەیەکی نایاسایی بڕدراون. پاشان ئەم دارانە لەگەڵ ئەو دارانەدا تێکەڵ دەکرێن کە بەڕواڵەت مۆڵەتیان هەیە و دەنێردرێت بۆ ناوچەکانی دیکە.
ناڕوونی لە چاودێری و گەندەڵی پێکهاتەییدا
ئەو چالاکوانە دەشڵێت: ڕوون نەبوون لە سەرپەرشتیکردنی بارکردن و پێدانی مۆڵەت، بۆتە بنەمای گەندەڵی لە هەیکەلی فەرمانگەکانی ڕژێمدا. هەواڵی هاوکاری بەشێک لە ئەفسەرانی سامانە سروشتییەکان و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ قاچاخچییەکانی دار هەیە، چۆن دەکرێت بارهەڵگر و لۆرییکانی هەڵگری دار بە بازگەکاندا تێپەڕن بەبێ هیچ ئاستەنگێک؟ ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ڕوون نەبوونی پرۆسەی ڕێکخستنی و جێبەجێکردنی ئەم کارەدا.
دەرئەنجامەکانی لەناوچوونی دارستانەکانی دار بەڕوو
بڕینی بێ جیاوازی دار بەڕوو کاریگەری چاکنەکراوەی هەیە، لەوانە:
لەناوبردنی ئیکۆسیستەمی ناوچەکە: کەمبوونەوەی ڕووپۆشی دارستانەکان ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی زۆرێک لە جۆرەکانی ئاژەڵ دروست دەکات.
وەرینی خاک و مەترسی لافاو: دارستانەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە کۆنترۆڵکردنی وەرینی خاک، لەناوچوونیان مەترسی لافاو زیاد دەکات.
لاوازبوونی بژێوی ناوخۆیی: جووتیاران و مەڕدارە ناوخۆییەکان کە پشت بە سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەبەستن لەگەڵ کەمبوونەوەی ئەو سەرچاوانە ڕووبەڕووی کێشەی بژێوی دەبنەوە.
پێشنیارەکان بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی زیاتر
پێدەچێت تاکە ڕێگەچارەی کاریگەر ئەوە بێت کە چاودێرییەکی وردتر بە تایبەت لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەسەر پرۆسەی دەرکردن و بەکارهێنانی مۆڵەت و ڕوونکردنەوەی دۆخی بارکردنی دار و مامەڵەکردن هەبێت، لەگەڵ ئەو هۆکارانەی کە پەیوەندییان بە قاچاخچێتیەوە هەیە. ئەو چالاکوانە دەشڵێت: ئەگەر ئەمڕۆ هەڵوێستمان نەبێت، سبەینێ ئاسەواری دارستانه به نرخەکانی زاگرۆس نامێنێتەوه.