"هیچ خەباتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەبێ بوونی ژن نابێت"
ڕێکخراوی شنەبای خاک بۆ ڕۆشنبیری و مرۆیی، بە ئامادەبوونی چەندین شاعیر و نووسەری شاری سلێمانی، کۆڕێکیان بۆ ناساندنی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕێکخست.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، لە شاری سلێمانی، کۆڕێک بەناونیشانی " ڕۆڵی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتییەکان"دا، لە لایەن ڕێکخراوی شنەبای خاک بۆ ڕۆشنبیری و مرۆی، بە ئاماددە بوونی چەندی نوسەر و شاعیری کورد، کۆڕێکی بۆ ئامینە ئەحمەد، چنور حەمە تۆفیق و ڕوپاک مەحموود عارف، ڕێکخست.
" ژنان لە سەردەمی میرایەتییەوە ڕۆڵی گرنگیان لە خەباتی سیاسیی و چەکداریدا هەبووە"
ئامینە ئەحمەد، ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، ئاماژەی بە ڕۆڵی ژن کرد لە کایە سیاسی و سەربازیەکان دەکات، ژنان لە تەواوی کایە سیاسیی و سەربازیەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە، لەمێژە ژنان بەشداری تەواوی شەڕەکانیان کردوە، لە ئێستاشدا ژنان لە چیاکانی کوردستان وەک گەریلایان بەرگری لە خاک و وڵاتی کوردستان دەکەن، دەڵێت: بەرگریکردن و پشتیوانیکردن لە ژنان لەلایەن سەرۆکەکانەوە ئەرکی سەرەکیە بۆ تەوازنکردن و بەرەوپێشبردنی شۆڕش پشتیوانی لە ژنان بکەن، هەروەک عەبدوڵا ئۆجەلان باس و ڕۆڵی ژنان بەرزو پێویست دەنرخێنێت لە شۆڕشەکاندا، بەشداری ژنانی شەرڤان لە چیاکانەوە پشتبەستنە بە ئیرادەی ژن بوون و بە پاڵپشتی سەرۆکێکیان کە پشت بە هێزی ژن دەبەستێت، هەروەها شۆڕشی دەرسیمان هەیە کە فەرمان ڕەوای بۆ ژنان بووە، ژنان بەشداری شەڕیان لە سەردەمی میرەکاندا دەکرد، پاشان لەیلا قاسم بە شۆڕشەکەی لەگەڵ هاو خەباتەکانیدا بەرەنگاری جەنگ دەبێتەوە و تاکە ژن دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر خەباتی سیاسیی لە سێدارە دەدرێت، ئەمانە دەریدەخەن ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە خەباتی سیاسییدا هەبووە.
" ژنان ڕێچکە شکێنبن بۆ لەناو بردنی کۆمەڵگەی پیاوسالاری "
چنور حەمە تۆفیق، جێگری موختارەکانی سلێمان و جێگری ڕێکخراوی شنەبای خەڵک، ئاماژەی بەوەکرد، ژنان پێویستین بە ڕێچکە شکێنیەکی گەورە هەیە، پێویستە ژنان لە ڕێگەی تواناکانیەوە بەردەوامی بە خەباتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بدەن، وتیشی: ژنان پێویستیان بە سەربەخۆبوون هەیە تا بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن، بەردەوامبن لە بەرەوپێشچوون و تاقیکردنەوەی ئەو کارانەی بۆ ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا و لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا بۆ ژنان ڕێگە پێنەدراوە، ڕۆڵی ژنان لە تەواوی کایەکاندا بەرجەستە بکرێت، تا بتواندرێت ژنان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن لە شکاندنی کۆت و بەندی پیاوسالاری.
" ژنان ئەرکیان خۆ پڕچەک کردنە لە ڕێگەی خوێندنەوە تا بتوانن داوای مافەکانیان بکەن"
ڕوناک مەحمود عارف، ڕاهێنەری پەروەردەی و لێپرسراو لە ڕێکخراوی شنەبای خاک، ئاماژەی بەوەدا، ژنان لە پەروەردەدا ڕۆڵی گرنگیان لە زانستکردنی ژنان دراوە، هەروەک حەپسەخانی نەقیب ماڵەکەی کردوەتە قوتابخانەیەک بۆ هاندانی ژنان لە خوێندندا، مەستورەی ئەردەڵان و عادیلەخان ڕۆڵی بەرچاویان لە شکاندنی بەربەستەکان هەبووە بۆ بەرەوپێشچونی ژنان لە پەروەردەدا، وتیشی: تەواوی ژنانی ئازا و بوێر بۆ کردنەوەی ژنان بەڕووی کۆمەڵگەدا، بەردەوامیدان بە خوێندنی ژنان لە هەر قۆناغێکی ژیانکردندا کارێکی گرنگە، تا ژنان لەڕگەی خوێندنەوە خۆیان پڕ چەک بکەن بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان، سەرکەوتنی کۆمەڵگە بە پێشکەوتن و ئازادبوونی ژنان دەستەبەر دەکرێت، ئەو دۆخەی ئێستە ژنانی تێدایە دەستکەوت و خەباتی سەدساڵەی ژنانە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو کەمە ئازادیەی هەیە، لەمەودوا ئەرکی ئێمەی ژنانە بەردەومی بدەین بەو خەبات و بەرخۆدانەی ژنان دەتوانن لێوە ئازادبن.
" هاتنە دەرەوەی ژنان و بەشداریکردنیان لە کۆڕەکانی تایبەت بە ژنان، دەبێتە پڕچەک کردنی ژنان "
سەرگوڵ خانمی بابان، ڕۆژنامەنوس، باس لەوەدەکات: ئەنجامدانی کۆڕەکان کە پەیوەستە بە ژنانەوە پێویستە ژنانێکی زۆر بەشداری بکەن، تا بتوانن لە ڕێگەی کۆڕەکانەوە خۆیان پڕ لە زانیاری بکەن بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕواکانیان، دەڵێت: گرنگە ڕێکخراوەکان و ژنانی نوسەر و ئەکادیمی لەڕێگەی ئەنجامدانی کۆڕەکانەوە ژنان مانگانە هۆشیار بکەنەوە لە مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا.
لە کۆتایدا وتیشی: ئەو بارودۆخ و سیاسەتەی لە کوردستاندا لە کۆنەوە تا ئێستە ژنان پێیدا گوزەر دەکەن، ژنانی والێکردوە بتوانن دایکایەتی و ئەرکی منداڵ و دەرەوەی ماڵیشیان بەڕێوە ببەن، بەڵام ڕێگریەکانی کۆمەڵگە بۆتە بەربەست، خۆشبەختانە ژنانی ئازاو بوێر لە ئێستادا هەن بۆ شکاندنی بەربەستەکان، لە ڕێگەی تیکەڵبونی ژنان بە کۆمەڵگەوە.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، ژنانی نوسەر و چالاکوان لە ڕێگەی پێدانی خەڵاتی ڕێزلێنانەوە بەسەر کرانەوە.