تاڵیبان ڕێگری لە گوێگرتنی ژنان لە دەنگی یەکتری دەکات

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکان و سەپاندنی یاسای توند لە ئەفغانستان و سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا، بزووتنەوەی تاڵیبان بڕیارێکی دەرکرد کە گوێگرتن لە دەنگی یەکتری لە ژنان قەدەغە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

تاڵیبان لە سەرەتای کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکەیەوە، ڕۆژانە کار بۆ چەوساندنەوەی ژنان و ئەشکەنجەدانی دەروونییان دەکات، بە دەرکردنی یاسا و ڕێسایەکی نوێ گوێگرتن لە دەنگی یەکتری لە ژنان قەدەغە کرد.

 

 وەزیری بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری تاڵیبان بڕیارێکی نوێی ڕاگەیاند کە ژنان گوێ لە دەنگی یەکتری نەگرن، ئەمەش لە هەوڵێکی نوێدایە بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی ئایینی بەسەر وڵاتدا، ئەم بڕیارە بە یەکێک لە سنووردارکردنی نوێ و سەیر و سەمەرەی ژنان دادەنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت کاتێک ژنێک نوێژ دەکات و ژنێکی دیکە بەلایدا تێدەپەڕێت، نابێت بە دەنگی بەرز نوێژ بکات کە گوێی لێبگیرێت، ئەم یاسایانە نوێن و وردە وردە جێبەجێ دەکرێن.

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان هۆشدارییان دا کە ئەم بڕیارە دەتوانێت بە مانای ڕێگریکردن لە گفتوگۆی کاریگەری ژنان بێت لەگەڵ یەکتر، پێشتر بزووتنەوەی تاڵیبان نمایشکردنی بوونەوەرە زیندووەکانی لەسەر تەلەفزیۆن قەدەغە کردبوو هەروەها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڕیارێکی دەرکرد کە پەخشی تەلەفزیۆنی قەدەغە بکات، بەمەبەستی گۆڕینی کەناڵەکان بۆ پەخشی دەنگی لە ئەفغانستان، ماوەی پابەندبوون بە بڕیارەکە دوو مانگە.

 

لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو بڕیارە، یەکێک لە چالاکوانەکان کۆمێنتێکی کردووە، ژنان کە تاکە بژێوی خێزانەکانیانن، چۆن دەتوانن دوای قەدەغەکردنی دەنگیان نان بکڕن، بەدوای چاودێری تەندروستیدا بگەڕێن، یان تەنانەت بژین؟.

 

لەوەتەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابدا دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، سنووری بۆ ماف و ئازادیی ژنان لەو وڵاتەدا سەپاندووە و ڕێگری لە چوونە دەرەوە و کارکردن و وەرگرتنی خوێندنیان کردووە، هەروەها ژنان دەبێت ڕووخساریان داپۆشن و خۆیان لە قسەکردن بەدوور بگرن، لەکاتی بوونی پیاوانی تر جگە لە هاوژینەکانیان یان خزمەکانیان ژنان لە ناو ماڵەکانیاندا بە دەنگی بەرز قسە نەکەن بۆ ئەوەی دەنگیان لە دەرەوە نەبیسترێت، بزووتنەوەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو ژنانەی سەرپێچی لە یاسا نوێیەکان دەکەن دەستگیر دەکرێن و ڕەوانەی زیندان دەکرێن.

 

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تەمووز ڕایگەیاندبوو، وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری، لە ڕێگەی بڕیارەکانی و سەپاندنەکانی، ترس و تۆقاندن لەناو دانیشتوانی ئەفغانستاندا بڵاودەکاتەوە، هەروەها سەرۆکی باڵای تاڵیبان بەڵێنیدا دەست بکەن بە بەردبارانکردنی ژنان تا مردن تەنانەت لە شوێنە گشتییەکاندا.