"مانگرتنی خۆراکی وریشە مورادی هەڵوێستێکە لە دژی سیاسەتی نامرۆڤانەی ڕژێمی ئیسلامی"

کژار ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی چالاکی مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "مانگرتنی وریشە مورادی هەڵوێستێکە لە دژی سیاسەتەکانی نامرۆڤانەی ڕژێمی ئیسلامی".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار لە بارەی چالاکی مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، وریشە مورادی دەنگی کۆمەڵگە و بە تایبەتی ئەو ژنە ئازارچێشتووانەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی ڕژێمی ئیسلامی دەبنەوە، خاوەنداری لە وریشە مورادی، خاوەندارێتی لە دەنگی ئازادی ژنانە.

 

وریشە مورادی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و ئەندامی کژار، ماوەی پێنج ڕۆژە، هاوکاتی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی لەسێدارەدان، لە دژی سزای سێدارە و دۆخی زیندانیان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و ڕایگەیاند، "لە دژی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، لە دژی ئەو ستەمانەی کە بەسەر ئازادیخوازاندا سەپێنراوە، دەست بە مانگرتنێکی نادیار لە خواردن دەکەم".

 

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

شەڕی جیهانی سێیەم زیاتر لە دوو دەیە بە قۆناغی جیاجیا لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە. شەڕی سنوور بەزاندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کە سنوورە ئەخلاقییەکانیشیان لەناوبردووە، بەردەوامە. ئەو شەڕانەی کە بۆنی خوێنیان لێدێت و ئازاری خەڵکی ناوچەکە بە تایبەت ژنان ساڕێژ ناکەن. ئەوەی دەگوزەرێت نیشانەی دیموکراسی نییە، بەڵکو نیشانەی فاشیزمە لە ناوچەکەدا و دەرئەنجامی بڵاوبوونەوەی فاشیزم لە ناوچەکەدا تەنها جینۆسایدە.

 

ڕژێمی ئێران یەکێک لەو دەوڵەت نەتەوەیانەی ناوچەکەیە کە ساڵانێکە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی سەرکوت دەکات و شەڕەکانی دەرەوەی وڵات فراوانتر دەکات؛ سیاسەتێکی تەواو پیاوسالارانە و ئامانجی تەنها پتەوکردنی بناغەکانی سەروەرییەتیییە. لەم نێوەندەدا بەرژەوەندی دەوڵەتمەدارەکان لە تاک و توێژەکانی کۆمەڵگە لەپێشترە، ئەو دەوڵەتمەدارانەی ڕۆژانە فەتوا و یاسا و پرۆژەیاسای نوێ دەردەکەن کە ڕەگەزپەرەستانە و ناسیۆنالیستی و ئاینییە، بە مەبەستی لەناوبردنی ئیرادەی کۆمەڵگە و سەپاندنی بێدەنگی بەسەر کۆمەڵگەدایە. پێویستە بگوترێ لە کاتێکدا دەوڵەت خۆی لە هەوڵی ئەوەدایە بەشێکی لە دەسەڵاتی لە ناوچەکە هەبێت و بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات دەستی بە خوێنڕێژی کردووە، باش ئاگاداری ئەم بابەتەیە کە لە ناوخۆدا، ئەوە کۆمەڵگەیە کە حکومەتی لاوازکردووە. یەکڕیزی گەلان، بەتایبەت ژنانی سەر شەقام، ترسی خستۆتە دڵی حکومەت و هاواری ژنانی لە زیندان، ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانیان، پشتیوانی، هاودەنگیی ئازادیخوازان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ ژنانی تێکۆشەر لە زیندان، بووەتە هۆی ئەوەی ڕژێم زیاتر لە جاران سەرلێشێواو بێت، بۆیە بۆ سەرکوتکردنی هێزە ئازادیخوازەکان لە زینداندا، لە هیچ چارەسەرێکدا ناوەستێت و جگە لە سەرکوتکردن، هەوڵی شاردنەوەی ئەو سەرکوتانە دەدات، وەک ئەوەی لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا هیچ دژایەتییەک نەبێت و ئەگەر هەبێت، وەڵامەکە پەتێک و ژووری تاکەکەسی زیندانەکانە.

 

بینیمان فشارە جەستەیی و دەروونییەکان و لە هەمان کاتدا دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی کرد، بەڵام هیچ کام لەو فشار و ئەشکەنجەدانانە کاریگەرییان لەسەر ڕۆحی ژنانی تێکۆشەر لە ناو زیندان نەبووە. هاوڕێمان وریشە مورادی یەکێکە لە ژنانی پێشەنگ لە زیندان، کە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە. لەو ماوەیەدا تووشی ئەشکەنجەی دەروونی بووە و ڕێگەی پێنادرێت بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بگات، بەڵام سەرەڕای هەڕەشە و ئەشکەنجەی زۆر، هەمیشە هەوڵی داوە دەنگی خۆی و زیندانییە سیاسییەکانی دیکە بهێنێتە ناو کۆمەڵگە. ناوبراو چەندین جار نامەی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە سزای شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی بڵاوکردۆتەوە و لەگەڵ هەموو ئەو ژنانە بووە کە "بە هەر شێوازێک" هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لێدەکرێت و داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی کردووە. هەر بۆیە لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لە سێدارەدان، ناوبراو لە نامەیەکدا لە زیندانی ئەڤینەوە کە بۆ "کۆمەڵگەی ئازاد و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان" نووسیویەتی، بۆ تیشک خستنە سەر بارودۆخی ئێستا و لە هەمان کاتدا دژی ئەو ستەمانەی کە بەسەر ئازادیخوازاندا سەپێنراوە، دەستی بە مانگرتنی نادیار لە خواردن کرد. ئەم ڕاگەیاندنەی هەڵوێستە بۆ مەبەستی کەمبوونەوەی کوشتنی ناوخۆیی و لەسێدارەدانەکان بوو، کە لە ئەنجامی  کوشتنەکانی پەیوەست بە شەڕدا ئەنجام دەدرێن.

 

هاوڕێمان وریشە مورادی دەنگی کۆمەڵگە و بە تایبەتی ئەو ژنە ڕەنجدەرانەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی ڕژێمی ئیسلامی دەبنەوە لە هەمان کاتدا دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە هەنگاویان ناوە بۆ سەر ڕێگای گەیشتن بە ئازادی . وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کەژار"، داوا لە ژنانی چالاک و تێکۆشەر، کۆمەڵگەی ئازادیخواز، گروپ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە پێگەی هاوڕێەکەمان بپارێزن و پشتیوانی لێبکەن، دەنگی گەل بن، بۆ دانانی کۆتاییهێنان بە سیاسەتە نامرۆڤەکانی لەسێدارەدان، ڕێگە مەدەن ڕژێمی ئیسلامی بە ناوی شەڕی دەرەوەی وڵاتەوە تاوانە ناوخۆییەکان پەردەپۆش بکات.