بانگەوازی بۆ بەشداریکردن بۆ چالاکییەکان لە ١ تا ١٠ی تشرینی یەکەم کرا

کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" داوای لە هەموو لایەک کرد بەشداری چالاکییەکانی نێوان ١-١٠ی تشرینی یەکەم بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" کە پێشەنگی هەڵمەتی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣یە، داوای لە هەموو لایەک کرد بەشداری چالاکییەکانی نێوان ١-١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بکەن.

 

سی پی تی وەڵامی نامەکانمانی دایەوە

لە ڕاگەیاندراوەکەیدا باس لە چالاکیەکانی ساڵی ڕابردوو کرا و وترا "هەوڵەکانمان گەیشتە ئەو ئاستەی کە سی پی تی وەڵامی نامەکانمانی دایەوە و لەگەڵمان کۆبووەوە، کە تا ئێستا هەڵمەتێکی لەو شێوەیەی نەناوە".

 

لە ١٥ی ئایاردا سی پی تی وەڵامی نامەکانی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانی دایەوە و ڕایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی لەگەڵی دایە، دەکات، هەروەها کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سی پی تی سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو.

 

نامەی براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ساڵی ڕابردوو لە پارێزەران، سەندیکاکانی کرێکاران، سیاسەتمەداران، چالاکوانان، هونەرمەندان، موزیکژەنەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، گروپەکانی گەنجان و لە ناوچەیەکی جوگرافیای فراواندا تۆڕێکی نێودەوڵەتی دامەزرا و باس لەوە کرا کە زۆرێک لە کۆنفرانسەکانی ڕۆژنامەوانی، گردبوونەوە ئەنجام دەدرێن، چالاکیی ناڕەزایەتی و دانیشتن، چالاکیی ستاند و سیمینار بەڕێوەچوو.

 

لە ساڵی یەکەمی هەڵمەتەکەدا، ٦٩ کەس کە خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە، نامەیان بۆ سەرۆکی سی پی تی ناردووە. لەم پڕۆسەیەدا چەندین بابەت لەسەر کێشەی کورد و بارودۆخی زیندانیان لە تورکیا لە چاپەمەنی نێودەوڵەتیدا بڵاوکرانەوە.

 

بانگەواز بۆ بەشداریکردن بۆ چالاکییەکانی نێوان ١-١٠ی تشرینی یەکەم

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەداخەوە سەرەڕای هەوڵەکانمان نەمانتوانی کۆتایی بە گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری کوردستان بهێنین کە ماوەی ٣ ساڵ و نیوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە بارودۆخێکی نایاساییدا ڕاگیراوە". لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "بۆیە لە نێوان ١ بۆ ١٠ی تشرینی یەکەم، لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵڕۆژی هەڵمەتەکەدا، پێمان وایە لە شکاندنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی نزیک بووینەتەوە، داوا لە هەمووتان دەکەین ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن".

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە هەموو لایەک کراوە هەوڵەکانیان زیاتر بکەن و دیپلۆماسی زیاتر ئەنجام بدەن و بەرهەمەکانی عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر بخوێننەوە و هەڵمەتی زیاتر بۆ شکاندنی گۆشەگیری بگرنەبەر.

 

''عەبدوڵا ئۆجالان وازی لێ نەهێناین، ئێمەش دەستبەرداری ئەو نابین"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "ئەمە شەڕێکی فیکرییە و ئەگەر وازی لێ نەهێنین هەموومان سەردەکەوین، عەبدوڵا ئۆجالان چارەکە سەدەیەکە لە دوورگەیەکدا هێڵراوەتەوە و سەرەڕای ئەمەش وازی لە داخوازییەکانی نەهێنا، بۆیە گەلی کورد و مرۆڤایەتی وازی لێناهێنین".