چالاکوانانی ئەفغانستان داوای داننان بە ئاپارتاید لە نێوان ڕەگەزەکاندا دەکەن

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە بەرلین ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و داوایان کرد حکومەتی ئەڵمانیا دان بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی و جینۆسایدی هەزارە" لە ئەفغانستاندا بنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان لەگەڵ مەهرا باراکزای، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانی کە لە بەرلینی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و دیانا دەنێشوار، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانی کە نیشتەجێی پاکستانە، داوای دانپێدانانی "جیاکاری ڕەگەزی ئاپارتاید"ی کرد کە لە ئەفغانستان ئەنجام دەدرێت.

 

چالاکوان مەهرا باراکزای و دیانا دەنێشوار لە ٢٣ی ئەیلوول دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد و بە ڕێکخستنی ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی لە بەرلین، داوایان کرد کە حکومەتی ئەڵمانیا دان بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی و جینۆسایدی هەزارە" لە ئەفغانستاندا بنێت.

 

خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانیاندا نامەیەکی کراوەی مەهرا باراکزا، چالاکوانی مافی مرۆڤیان بۆ حکومەتی ئەڵمانیا بڵاوکردەوە  کە تێیدا هاتووە: تاڵیبان لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵتدارییدا ژنانی لە کار و خوێندن و بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا بە تەواوی دوورخستووەتەوە، لە ئەفغانستاندا بەشێوەیەکی سیستماتیکی هەزارە تووشی جینۆساید و هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوە و گرووپە جیاوازەکان دەبن.

 

مەهرە باراکزای جەختی لەوە کردەوە، زیادبوونی سنووردارکردن و زیندانیکردنی ژنان لە ئەفغانستان و بێبەشکردنی کەسانی دیکە لە خوێندن، کار، بەشداریکردن لە کۆمەڵگە و هتد، نموونەیەکی ڕوونی جیاکاری ڕەگەزی و نەهێشتنی سیستماتیکی ڕەگەزییە، جەختی لەسەر پێویستی حکومەتی ئەڵمانیا کردەوە بۆ داننان بە جیاکاری ڕەگەزی لە نێوان ڕەگەزەکاندا لە ئەفغانستان.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەزارە لە ئەفغانستان بەهۆی جیاوازییە ئایینییەکانیانەوە بە دەستی "گرووپەکانی هاوکاری" لەگەڵ تاڵیبان کۆمەڵکوژییەکی سیستماتیکییان بۆ دەکرێت.

 

 ئەم چالاکوانانە لە بواری مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان داوایان لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد کە هەر جۆرە پەیوەندییەکی تەکنیکی و دیپلۆماسی و هاوکاری لەگەڵ تاڵیبان ببڕێت و سزای توند بەسەر بەرپرسانی ئەم بزووتنەوەیە بسەپێنێت.