خانەوادەی هێرۆ بەهادین: هێرۆ و گوڵستان کچی ئێمە و کوردستانن و ڕێگەی حەقیقەت بوون هاوشێوەی موسا ئاپێ
٣١ـەمین خەڵاتی ڕۆژنامەنووسانی شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد و موسا عەنتەر، لە مەراسیمێکدا لە ناوەندی ڕۆشنبیری جەمیل جانداش لە شیشلی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، خەڵاتی کەرامەت بەخشرایە ڕۆژنامەنووسانی گیان بەختکردوو گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین.
ناوەندی هەواڵ
٣١ـەمین خەڵاتی ڕۆژنامەنووسانی شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد و موسا عەنتەر، لە مەراسیمێکدا لە ناوەندی ڕۆشنبیری جەمیل جانداش لە شیشلی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، تێیدا خەڵاتی ڕێزلێنان بە هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” کە لە ٢٣ـی ئابی ئەمساڵ بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکەوە شەهیدبوون و هەروەها ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی کە لە ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بەخشرا.
مەراسیمەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.
هەر لە مەراسیمەکەدا ئەو پەیامەی پەخشان عەزیزی لە زیندانی ئەوینەوە ناردبووی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: ئەم پەیامە لەگەڵ سڵاوی شۆڕشگێڕانەی منە لە زیندانی ئەڤەنی قەڵای بەرخۆدان بە فەلسەفەی “بەرخۆدان ژیانە” بۆ باکووری کوردستان، بە ڕێزەوە شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد، موسا عەنتەر، غوربەتلی ئەرسۆز، دەنیز فیرات، کاروان هەورامی و نووسەرانی حەقیقی کە لەو ڕێگایەدا گیانیان بەخت کرد بە بیر دەهێنمەوە، باکووری کوردستان هەمیشە پێگەیەکی گرنگی هەبووە لە بەرخۆدانی کوردستاندا و هەمیشە دەنگی زیندانیان و ئازادییخوازان بووە، وەک کەسێک کە پەیڕەوی فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادیی” دەکەم، لە دووەمین ساڵیادی شۆڕشدا ئەم خەڵاتە پێشکەش بە بنەماڵەی “ژن ژیان ئازادیی” دەکەم.
خەڵاتی "کەرامەت-ڕوومەت"ی ئەمساڵ بۆ بەبیر هینانەوەی ڕۆژنامەنووسانی بەرخۆدێر هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین”، کە لە ٢٣ـی ئابی ئەمساڵ بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکەوە شەهیدبوون و هەروەها ڕۆژنامەنووس و پارێزەری مافی ژنان پەخشان عەزیزی کە لە ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بە شایستەی خەڵاتی ڕێزلێنان زانران.
هەروەها پەیامی خانەوادەی شەهید هێرۆ بەهادین بەمشێوەیە بوو:
سڵاوێکی شۆڕشگێریی:
لە مێژووەوە هەتا ئەمڕۆ ڕاستییەکان بەهای بەرز و پیرۆزی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەکن، هەموو هێرش و تیرۆرەکان بە ئامانجی لەناوبردن و کپ کردنی ڕاستییەکانن، شەهید “هێرۆ و گوڵستان” کچی ئێمە و کوردستانن و ڕێگەی حەقیقەت بوون هاوشێوەی شەهید “موسا ئاپێ”، کە لەپێناو بەردەوامکردنی ڕاستییەکاندا بوو بە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ڕێگەی ئازادیی نەتەوەکەی.
بەخشینی خەڵاتی ٣١مینی موسا عەنتەر بە کچی شەهیدمان، بۆ ئێمە مایەی دڵخۆشی و شانازیەکی نەبڕاوەی کوردانەیە، شەهید هێرۆ هۆشیاری ئەوەی هەبوو کە دەکرێت لەڕێگەی ڕاگەیاندنی ئازادەوە کار لەسەر بوونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بکرێت بە پێشەنگایەتی ژنی ئازاد، بۆیە وەک هەموو ڕێبوارانی شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد شەهید هێرۆش بەو پەڕی ئەشقەوە شوێنی خۆی گرت، لەنێو ئەم گۆڕەپانەدا و بۆ ساتێک دوو دڵ نەبوو لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی.
لێرەوە وەک خانەوادەی شەهید هێرۆ دەخوازین ئەوە بڵێین: وەک چۆن ئاپێ موسا بە شەهادەتی خۆی بووە نموونە و سومبولی ڕووبەڕووبوونەوەی زیهنیەتی فاشیستی دەوڵەتی تورک و سەدانی وەک شەهید گوڵستان و هێرۆ لەپێناو گەیاندنی ئەو ئەشقەدا نەیان هێشت پێنووسەکەی ئاپێ موسا لە ئەرز بمێنێت، ئەوا بە دڵنیایەوە لەداوای شەهادەتی هێر و گوڵستانەکانمان، لەشکرێک لە ژن و پیاو ڕۆژنامەنووسی خاوەن زیهن و ڕۆحی ئازاد، ئاشقانە درێژە بەم کاروانی تێکۆشانەدەدەن و تا سەرکەوتن مەشیان بەردەوام دەبێت.
دواجار سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گڵکۆی پاکڕاوانی ڕێگەی ئازادیماندا دادەنەوێنین، بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە ئەم شەرەفە گەورە و پیرۆزەی ڕۆژنامەی “یەنی یاشام”ـی ئاپێ موسا قبوڵ دەکەین و بەو پەڕی باوڕی و وەفاداریەوە دەڵێین: ” پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین؛ نامرن ئەوانە وان لەدڵی میللەتدا دەژین. ژن ژیان ئازادی”.