"یاساکانی تاڵیبان هەموو جەستەی ژن بە دەموچاو و دەنگی ژنەوە دەشارێتەوە"

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، دەربارەی یاساکانی تاڵیبان دژی ژنان ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای نوێی “بەرزکردنەوەی چاکە و نەهێشتنی خراپە” پەیوەندی حکومەتی تاڵیبان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لاواز کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆزا ئۆتونبایڤا، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە یاسای نوێیەکانی ئەفغانستان، ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای نوێی “بەرزکردنەوەی چاکە و نەهێشتنی خراپە” پەیوەندی حکومەتی تاڵیبان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لاواز کردووە.

 

دەشڵێت: ئەو یاسا نوێیەی تاڵیبان پەیامێکی نەرێنی هەڵدەگرێت سەبارەت بە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە یاساکە هەموو جەستەی ژن بە دەموچاو و دەنگی ژنەوە دەشارێتەوە بە زۆرەملێ.

 

ئەموتانەی نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، لە ٢٢ـی ئابی ئەمساڵدا، حکومەتی تاڵیبان یاسای “بەرزکردنەوەی چاکە و نەهێشتنی خراپە”ـی پەسەند کرد، کە لە ١٤٤ لاپەڕە و ٣٥ ماددەی یاسایی نوێ پێکهاتووە، ئەم یاسایە زیاتر تیشک دەخاتە سەر بەشداری ژنان، کە ئەوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی نێودەوڵەتیی بووەتەوە.