"تێکۆشانی ژنان دەبێتە هۆی ڕووخاندنی تاڵیبان"

لە ڕۆژی جیهانی خوێندەواریدا، تاڵیبان بە دانانی پۆستەری پڕوپاگەندە ویستویەتی نیشان بدات کە لەگەڵ خوێندەواریدا، شەهلا وەسیل دەڵێت: تاڵیبان دەیەوێت بەم کردەوانە ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان ئەنجامی دەدەن بسڕێتەوە، بەڵام ئێمە هەرگیز خۆمان بەدەست نەزانییەوە ناد

بەهاران لاهیب

 

کابول- لە ڕۆژی جیهانی خوێندەواریدا، تاڵیبان بە دانانی پۆستەری پڕوپاگەندە ویستویەتی نیشان بدات کە لەگەڵ خوێندنەوە و فێربوونی خوێندەواری دایە، کاری پڕوپاگەندەیی تاڵیبان تەنها فریودانی خەڵک و جیهانە. هەمان ئەو کەسانەی کە کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی کابول و پارێزگاکانیش دەکەن، بەهەمان شێوە پاڵپشتی ڕۆژی جیهانی خوێندەواری دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە ملیۆنان ژنی ئەفغانی لە درێژەدان بە خوێندن و کارەکانیان بێبەش کران، هەروەها لە پێناو بە کۆیلەکردن ئەوان، حیجابیان کردووە بە زۆرەملێ و دەنگی ژنیان بە عەورەت ناو بردووە.

 

لە ڕابردووشدا دەوڵەتی گرێدراو و خۆسەپێن لە ئەفغانستان حوکمڕانی دەکرد و هیچ هەوڵێک بۆ پەروەردەکردنی خەڵکی ئەفغانستان نەدرا، لە ڕاپۆرتی "فەرمانگەی ناوەندی ئاماری ئەفغانستان" لە ساڵی ٢٠٠٨دا نووسیویانە: ٥.٥ ملیۆن ژن، ٤ ملیۆن پیاو، ٪٤٨ منداڵی نێوان تەمەنی ٧-١٢ ساڵ نەخوێندەوارن و بە گشتی ٢.٣ ملیۆن منداڵ لە قوتابخانە سەرەتاییەکان بێبەشن.

 

هەر لەو ساڵەدا وەزارەتی پەروەردە بەڵێنی دا کە تا ساڵی ٢٠١٩ هەموو خەڵکی ئەفغانستان ببنە خوێندەوار، بە هەمان سوێند لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ملیارەها دۆلار لە ئەفغانستاندا ڕژا و هەموویان لە لایەن بە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان و دەرەوەدا بەفیڕۆچوون، ئەو پارەیەی کە لە کەرتی پەروەردەدا وەبەرهێنرا، تەنها مشتێک گەندەڵ گیرفانی خۆیان پڕکرد و بە دروستکردنی قوتابخانە و مامۆستای خەیاڵی ڕازی بوون.

 

شەهلا وەسیل کاتێک تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد خوێندکاری پۆلی ١٠ بوو، دەڵێت: بۆ ئەوەی خۆم لە هاوسەرگیری زۆرەملێ لەگەڵ تاڵیبانێک ڕزگار بکەم، ناچار بووم شوو بە یەکێک لە خزمە ​​نزیکەکانم بکەم، من لە لۆگەر دەژیم، یەکێک لە تاڵیبانەکان لە نزیک ماڵەکەمان دەژیا، پێش منیش دوو ژنی دیکەی هەبوو، دەیویست خێزانەکەم ناچار بکات هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خێزانەکەم دەستگیرانی منیان بە کوڕی پوورم ڕاگەیاند بۆ ئەوەی لێی ڕزگارم بێت، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە وانەبووایە ئەوەندە زوو هاوسەرگیریم نەدەکرد، ئامانجم ئەوه بوو که بەردەوام بم له خوێندن و هاوکاری ئەو ژن و کچانە بکەم کە لە ناوچەکەدا بێبەشن لە خوێندن.

 

هەروەها دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت دوای هاوسەرگیریم و بێبەشبوونم لە خوێندن، بێدەنگ نەبووم و یارمەتی کچانی ناوچەکەم دەدا و یارمەتییان دەدەم بۆ ئەوەی بتوانن فێری خوێندەواری ببن.