ژنێک لە سێمێلی دهۆک بە گولـلە کوژرا

شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی سێمێلی سەر بە دهۆک ژنێکی گەنج بە ٦ گولـلە کوژرا و لێکۆڵینەوە لەو تاوانە دەستیپێکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

عەقڵیەتی پیاوسالار کە خۆی باڵادەست کردووە بەسەر ژناندا، خۆی بە خاوەنی ژن دەزانێت و ڕێگەی بەخۆی داوە بڕیار لەسەر ژیانی ژنان بدات، هەربۆیە کوشتنی ژن وەک مافێکی خۆی دەبینێت و ڕۆژانە گوێبستی هەواڵی کوشتنی ژنان دەبین، لە نوێترین ڕووداودا کوشتنی ژنێکە بە ٦ گولـلە لە سنووری پاریزگای دهۆک.

 

بەپێی زانیارییەکان، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لە کومەڵگەی مسێریکی لە شارۆچکەی سێمێل تەرمی ژنێک ڕەوانەی پزیشکی دادی پارێزگای دهۆك کرا کە بە گولـلە کوژراوە.

 

ژنەکە تەمەنی نزیکەی ٢٥ ساڵ دەبێت و خاوەنی منداڵێکە و شوێنی ٦ گولـلە لەسەر جەستەی بووە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە نەزاندراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە.

 

بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسەکەمان، تەنها لە مانگی تەمووزدا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ١٠ ژن کوژراون یاخود بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.