بانگەواز بۆ وەستاندنی کردەوەکانی تاڵیبان کرا

تەڤگەری شەممەی مۆر ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندیی دیبلۆماسی لەگەڵ تاڵیبان دەبێتە هۆی توندوتیژی و دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان، داوای دەستبەجێ هەنگاونان بۆ چارەسەری کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەفغانستان دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرت، توندوتیژی دژی ژنان، دەستدرێژی سێکسی، هاوسەرگیری زۆرەملێ زیادی کرد، ژنان لە ماف و ئازادی کەسی بێبەش کران، هەروەها بەهۆی پەیوەندی دیبلۆماسی وڵاتی جیهانی لەگەڵ تاڵیبان، دوژمنایەتی دژ بە ژنان لە ئەفغانستان زیادی کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان کردووە پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ تاڵیبان کۆتایی پێبهێندرێت، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ئازاری زیاتر بۆ گەل و ژنان، پێویستە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنرێت و ڕێوشوێنی پێویست بەگوێرەی ئەو ئامانجە بگیرێتەبەر، هەروەها تەڤگەری ناڕەزایەتی ژنانی ئەفغانستان ناسراو بە 'تەڤگەری شەممەی مۆر' هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

 

لە بانگەوازەکەدا هاتووە:

دوای ئەوەی تاڵیبان هاتەوە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، هاوسەرگیری منداڵی زیاد کرد، ئەم دۆخە بووە هۆی ئیستغلالکردنی سێکسی، ژنان و کچان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی نایەکسانی جێندەری بوونەوە، ئەفغانستان لە ڕووی مافی ژنانەوە مێژوویەکی گەورەی هەیە بەوەی هەمیشە پێشێلکاری مافەکانی ژنانی تیادا کراوە بەتایبەت لەوکاتەی تاڵیبان هاتە سەر دەسەڵات و دەستدرێژییە سێکسی و جۆراوجۆرەکان زیادی کرد.

 

ئەو ترسەی تاڵیبان دروستی کردووە و کەشوهەوای ستەمکارانەی نێو ژنان بووەتە هۆی پەنابردن بۆ خۆکوشتن، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، چونکە ئەو ژنانەی ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە فشارەکانی تاڵیبان نادۆزنەوە خۆیان دەکوژن، ژنان لە بارودۆخێکی بەرگە نەگیراودا دەژین، سەرەڕای ئەوەش بەشێک لە ژنان هەوڵی درێژەدان بە ژیانی ڕۆژانەیان دەدەن.

 

نزیکبوونەوەی وڵاتانی جیهان لە تاڵیبان و ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییانەی لەگەڵیان دامەزراون، نەک هەر شەرعیەتدان بە حکومەتی تاڵیبان، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی کە چاو نەترسانە درێژە بە هەڵوێستە خراپەکانیان بدەن و ورەیان پێدەبەخشێت، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان دەکەین کە لە ئەفغانستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بوەستنەوە، هاودەنگی لەگەڵ ئەو ژنانەدا بکەن کە لە پێناو ئازادی و کەرامەتی خۆیاندا خەبات دەکەن و ڕێوشوێن بۆ پێشێلکردنی مافەکان لە ئەفغانستاندا دەسەپێنن.

 

تا ئەوکاتەی تاڵیبان ڕێز لە مافەکانی ژنان نیشان نەدات، پێویستە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ تاڵیبان کۆتایی پێبهێندرێت، ئێمە داوای دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ دەکەین کە بتوانێت چاودێری و ڕاپۆرت لەسەر دۆخی ئەفغانستان دروست بکات.