شایەتحاڵێکی پێشێلکارییەکان باس لە ژیان لە خاکە داگیرکراوەکان دەکات

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا باکووری سووریای بە بیانووی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام داگیر کرد، تاوان و پێشێلکارییان بەرامبەر بە گەل ئەنجامدا، لە چاوی جیهاندا مافەکانی مرۆڤیان تێپەڕاند و ژنانیش باس لە پێشێلکارییەکان دەکەن.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- خەڵکی باکووری سووریا، کە خاکەکەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیر کراوە، بەهۆی تاوان و پێشێلکاریی باڵەکانی سەر بە تورکیا لە بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا ژیان بەسەر دەبەن، ئەمەش هۆکارە بۆ کۆچکردنی خەڵک بەرەو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تا بە دوای سەلامەتی و سەقامگیریدا بگەڕێن.

 

"ن، ئا" ناوی یەکێکە لەو ئاوارانەی لە شارۆچکەی ئەختارین لە ناوچەی عەزازی داگیرکراو لە باکووری سووریا دەژی، دوای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوانی باکووری سووریا لەلایەن داعشەوە، لەگەڵ خێزانەکەی ئاوارەی وڵاتی تورکیا بوون، لە ساڵی ٢٠١٦شدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەستی بەسەر زۆر ناوچەی دیکەدا گرت و بەهۆی زیادبوونی هەڵاواردنی ڕەگەزی بەرامبەر بەو سووریانەی لە تورکیا نیشتەجێن، خێزانەکەی بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ شارۆچکەی ئەختارین لە عەزاز.

 

"ن، ئا" ڕوونیشیکردەوە، لە تورکیا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە بەهۆی هەڵاواردن و ڕەگەزپەرستی و مامەڵەی خراپەوە، وتیشی: دوای گەڕانەوەمان بۆ سووریا، بینیمان ئەو ناوچانەی کە تورکیا کۆنتڕۆڵیان کردبوو، ئاسایش و سەلامەتییان تێدا نەبوو، جگە لەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن باڵەکانییانەوە بەرامبەر بە خەڵک دەکرا، بۆیە ئێمە بەرگەی ئەوەمان نەگرت و بڕیارماندا بەرەو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕۆین.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کە هیچ کەس ناتوانێت لە ماڵەکەی دەربچێت، چونکە ئەگەر یەکێک لە بەکرێگیراوەکانی تورکیا ڕێگەی لێبگرێت، ئەوا تووشی هەراسانکردن، ڕفاندن یان کوشتن دەبێتەوە، هەموو ئەمانە تەنها لە شەودا نییە، بەڵکو تەنانەت لە ڕۆژیشدا ڕوودەدەن.

 

سەبارەت بە ڕاستی کوتلەکانی لەو ناوچانەدا دەژین، ئەو ژنە باسی لەوەکرد، کە چەندین کوتلە هەن و هیچ یەکێکیشیان دان بەوەی دیکەیاندا نانێت، هەموویان سەرپێچی دەکەن، کاتێک کەسێک لەلایەن یەکێک لە کوتلەکانەوە دەڕفێندرێت و دواتر بە پارە ئازاد دەبێت، کوتلەیەکی دیکە هەوڵی ڕفاندنی دەدات و داوای پارە دەکات، ڕێکخراوێک هەیە بە ناوی ڕێکخراوی چاکسازی سکاڵاکان، بانگەشەی ئەوە دەکات کە یارمەتی ستەملێکراوان دەدات بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان، بەڵام دوای وەرگرتنەوەی مافەکە لەو کوتلەیەی دژایەتی خەڵک دەکات، دێت دیسانەوە و تاوانێکی گەورەتر ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی خەڵک پەنا بۆ داواکردنی مافەکانیان نەبات و ئەگەری ئەوە هەیە هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوو لایەنیشدا هەبێت.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، کە لە وەرزی دوێنەکردنی گەنم و کۆکردنەوەی بەرهەمەکاندا، ئەو کوتلانەی هاوپەیمانی یەکدین، تەنگ بە هاوڵاتیان هەڵدەچنن تا باجیان لێبسەنن و بەشی زۆری بەرهەمەکان دەبەن، تیشكی خستەسەر دۆخی ژنانیش و وتی: "باسی ڕفاندنی ژنان ناکەم، زۆرجار سەرکردەی کوتلەکان، ئەو کچەی بەدڵیەتی هەڵی دەبژێرێت و بە بیانووی درۆ و گەڕاندنەوەی بۆ ناو خێزانەکەی، دەیڕفێنن و غەریزەکانی خۆیانی پێ تێر دەکەن، هەموو ئەمانە لە بەردەم داگیرکەری تورکیادا ڕوو دەدەن، کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام چووەتە ناوچەکە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو ناوچانە بوونەتە جێگەی گەرمی ئەو کوتلانەی کە تاوان ئەنجام دەدەن بەبێ لێپرسینەوە، ئەم کوتلانە خۆیان فەرمان لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وەردەگرن و باڵەکانی سەر بە ئەون".