مزگین خەلیل: لە دیزاینە نوێیەکەی جیهاندا خاوەن ستاتۆ دەبین

 مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات باسی لەو پێشهاتانەی کرد کە لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن و وتی: هەموو زلهێزە دەسەڵاتدارەکان ئامادەکاری بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەکەن، ئێمەش وەک کورد بە دەستکەوتەکانمان ستاتۆی خۆمان دەکەینە هەمیشەیی.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێشهاتەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵسەنگاند.

 

"هەموو زلهێزەکان خۆیان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ئامادە دەکەن"

مزگین خەلیل ڕایگەیاند، شەڕی بەردەوام پشت بە دوو زلهێز دەبەستێت و وتی: ئێستا شاهیدی شەپۆلەکانی جەنگی جیهانی سێیەمین، کە هەموو زلهێزەکان شەڕی یەکتر دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، هەروەک شەڕەکانی پێشتر، ئەم شەڕەی ئێمە باسی دەکەین لە نێوان دوو زلهێزی سەرەکیدایە، ئەمریکا و ڕووسیا وەک دوو زلهێزی سەرەکی ڕۆڵ دەگێڕن لە داڕشتنی جیهاندا، لە ئەنجامی ئەم شەڕ و ململانێیانە، گرژی و ململانێی سیاسی، ئابووری، سەربازی و کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات و ناوەندی ئەو ململانێیانە بووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم هێزانە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان، شەڕەکەیان گواستەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی دەزانرێت کە پرۆژەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە کراوە بۆ گۆڕینی شێوازی خۆی بەپێی بەرژەوەندی ئەو زلهێزە دەسەڵاتدارانە، تا ڕادەیەکی زۆر ئەمە دابەشبوونێکی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کردووە، لەبیرمان نەچێت ڕێککەوتنی لۆزان دوو ساڵە کۆتایی هاتووە، وا دیارە بێدەنگی هەیە، بەڵام لە ڕاستییدا ئامادەکارییەکی گەورە دەکرێت، بە تایبەتی با گرنگی بەو ڕاستیە بدەین کە زۆرێک لە وڵاتان هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و ئامادەکاری جددی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەکرێت.

 

"١٠٠ساڵ قڕکردن و لەناوبردن بەبێ پچڕان ئەزموون کراوە"

 مزگین خەلیل، لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکەیدا باسی ئەو سیاسەتانەی کرد کە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچن و وتی: سەرنجمان بۆ ڕێککەوتنی لۆزان ڕاکێشا، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کوشتن و لەناوبردنی کورد کراوە، کورد سەد ساڵی بە سیاسەتی جینۆساید و قڕکردن بەسەر برد، بۆیە لە سەدەی نوێدا ئێمەش ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی ستاتۆمان هەبێت, هەر لەبەر ئەمەشە هێرشێکی جەماوەری بۆ سەر گەلی کورد و تەڤگەرەکەی دەبینین، ڕاستە دەوڵەتی تورک لە ناوەندی ئەم هێرشانەدایە، بەڵام پلاندانان لەلایەن هێزە هەژموونەکانەوە ئەنجام دەدرێت، لەسەر ئەم بنەمایە دەبینین کە سیاسەتی هاوشێوە لە چوار پارچەی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، لە باکووری کوردستان هەمیشە ململانێ لە نێوان هێزی دیموکراتیک و دەسەڵاتداردا هەیە، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوونە, باشووری کوردستانیش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە و بە ئاسوودەیی لەوێ نیشتەجێ بووە, le ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، بەڵام هێرشە جینۆسایدەکان بەبێ پچڕان بەردەوامن.

 

"قڕکردنی کورد کارنامەی ڕێککەوتنەکانی نێوان سووریا و تورکیایە"

مزگین خەلیل باسی لە نزیکیی دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی سووریا کرد و وتی: کاتێک ململانێکان لە سووریا دەستیپێکرد، دەوڵەتی تورکیا پاڵپشتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کرد و پەروەردەی کردن و ڕێکی خستن، تەنانەت ئەو خەڵکەی کۆکردەوە کە سەرۆک کۆماری سووریایان بە بکوژ ناوبرد، دەوڵەتی تورکیا دەتوانێ دەستی خۆی بخاتە ناو ململانێی سووریا و خۆی بخاتە ناویەوە، هەر بەو هۆیەشەوە دەوڵەتی تورک هەموو ئەو چەتانەی کە لە ئۆپۆزسیۆن هاتنە دەرەوە بەکاری هێنا و ڕەوانەی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردن، ئەم هێرش و چەتانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شکستیان هێنا و ئامانجی دەوڵەتی تورکیایان بەدی نەهێنا، بۆیە خۆی هەنگاوی ناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین هێرشی لەشکرکێشی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە ئەنجامدا عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکران، ئێستاش دوای ئەوەندە قسە و هەڕەشە لە حکومەتی سووریا، ئەردۆغان داوای کۆبوونەوە و ڕێککەوتن دەکات بۆ ئەوەی گورزێکی دیکە لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری و شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بدات، سووریا و دەوڵەتی تورکیا هەموو ناکۆکی و ململانێکانیان لەبیر کردووە و لە دژی گەلی کورد ڕێککەوتن دەکەن.

 

"بە دەستکەوت و پڕۆژەکەمانەوە دەچینە ناو ساڵی ٢٠٢٥"

لە کۆتایی قسەکانیدا مزگین خەلیل ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەیی خۆیان لە دیزاینە نوێیەکەی جیهاندا مسۆگەر دەکەن و وتی؛ لە نێوان ئەو ئاڵۆزیی و قەیرانانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوودەدەن، ئەوانەی هێڵی خۆیان هەڵبژارد و پشتیان بە ئیرادەی خۆیان بەست گەلی کوردن، ئەمەش بە جێبەجێکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری مسۆگەر دەبێت، ئێمە لە ناوەڕاستی ململانێکانی سووریادا هێڵی خۆمان دیاری کردووە کە پڕۆژەیەکمان بۆ یەکتر ئامادە کردووە دژی هەردوو هێزەکە و دەستمان بە شۆڕش کردووە، ئەم شۆڕشە بوو بە هیواو دەرفەت بۆ گەلی کورد و هەموو گەلی ستەملێکراو بۆ دەستەبەرکردنی پێگەی خۆی، لەم ڕووەوە بارودۆخی کورد لە ساڵی ١٩٢٣ ەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەمڕۆش دەستکەوتی بەرچاو و بەهێزمان هەیە، بەم دەستکەوتانە و پڕۆژەیەی کە لەبەردەستدایە، دەچینە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ئەوەی ئامادەبوونمان لە نەخشە و دیزاینی نوێی جیهاندا هەمیشەیی بکەین، بەم شێوەیە دەتوانین دیموکراتیک و ئازادی و یەکسانی و هەروەها بەهاکانی شەهیدەکانمان بپارێزین کە لە سایەی ئەوانەوە ئەم دەستکەوتانە بەدەست هاتوون.