"بۆ ئەوەی زیندوبین" گێڕانەوەی ژیانی ژنە تێکۆشەرێکی کوردستانە

پەرتوکی "بۆ ئەوەی زیندوبین" گێڕانەوەی ژیانی ژنە تێکۆشەرێکی کوردستانە لە شار و شاخ، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە نووسەران و سیاسەتمەداران و ژنان، ناساندنی بۆ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو، لە ڕۆشنیران و پێشمەرگە دێرینەکان و ڕۆژنامەنووسان، پەرتوکی سنەوبەر ئیسماعیل نەسروڵا، ژنە پێشمەرگە و تێکۆشەری حزبی شیوعی کوردستان، مەڕاسیمی ناساندنی بۆ کرا و بڵاو کرایەوە.

 

ناونیشانی پەرتوکەکە بریتییە لە "بۆ ئەوەی زیندوبین" سەربوردەی ژنێکی ڕێبواری ڕێگای سورە، کە ژیان و پێشمەرگایەتی و ڕووداوە سەختەکانی ژیانی نووسەرە لە تێکۆشانیدا.

 

هەروەها لە مەڕاسیمەکەدا بەشێک لە ژیاننامەی نووسەر سنەوبەر ئیسماعیل نەسروڵا خرایەڕوو، کە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، دەستی بە خوێندنەوە کردووە و تێکەڵ بە خەڵک و نووسین بووە، لە تەمەنی ١٥ ساڵی چووەتە ڕیزی ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی کوردستان و پاش ماوەیەک بووە بە پێشمەرگە و ڕووی لە چیاکانی کوردستان کردووە، ساڵانێکیش بە مەبەستی کاری ڕێکخستن، لە سەر داوای حزبەکەی دەچێتە دەرەوەی وڵات.

 

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا پەرتوکی ژنە تێکۆشەر، بە واژۆی خۆیەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، هاوکات لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە ئامادەبووانەوە چەپکە گوڵی ڕێز و وەفای پێشکەش کرا.