دانیشتنی دۆسیەی نەسیم غوڵامی و ٥ چالاکوانی دیکە بەڕێوەچوو

دانیشتنی دۆسیەی شەش داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لەوانە نەسیم غوڵامی سیمیاری، دوێنێ لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئێران دادگایی کردنی شەش داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بە ناوەکانی حەمید ڕەزا سەهلە ئابادی، ئیحسان ڕەواژیان، ئەمین سەخنوور، عەلی هێراتی موختاری، حوسێن و نەسیم غوڵامی سیمیاری، بە تۆمەتی 'کۆکردنەوە و پیلانگێڕی تاوان دژی ئاسایشی وڵات'، 'پەکخستنی سەلامەتی و ئاسوودەیی گشتی'، 'پڕوپاگەندە دژی سیستەم'، 'لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی' و 'ئەندامێتی ڕێکخراو' دەستی پێکرد.

 

دۆسیەکە لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو، نەسیم غوڵامی سیمیاری لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە دژی بارودۆخی زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و دوای وەرگرتنی وەڵامی ئەرێنی لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆتایی بە چالاکییەکەی هێنا.

 

نەسیم غوڵامی سیمیاری کە ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تاران دەستبەسەر کرابوو، دوای لێکۆڵینەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین گوازرایەوە.

 

نەسیم غوڵامی سیمیاری لە مانگی ٥ی دەستبەسەرکرانیدا بە تاوانەکانی 'پەیوەندی و چاودێری نهێنی'، 'پڕوپاگەندە دژی سیستم و هاندانی یاخیبوون' تۆمەتبار کرابوو.