"بە ڕۆحی زیلان گەلی کورد سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت"
کۆردیناسیۆنی پاژک لە بەیاننامەیەکدا ٢٨ەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی ڕێبەری تێکۆشانی ئازادی، زەینەب کناجی-زیلانی بەرز ڕاگرت و ڕایگەیاند، "گەلی کورد بە ڕۆحی زیلان سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت".
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی پارتی ژنانی ئازادیی کوردستان-پاژک بەیاننامەیەکی بە بۆنەی ٢٨ەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی زەینەب کناجی- ناسراو بە زیلانی بەبیر هێنایەوە، کە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦دا لە دژی دەوڵەتی تورک ئەنجامیدا و جەختی کردەوە، هێڵی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە، لە زیلانەوە بە ئێستا گەیشتووە.
لە بەیاننامەکەیدا پاژک ڕایگەیاندووە، لە ٢٨ـین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، زەینەب کناجی-زیلان، بە ڕێزداریی و منەتدارییەوە بەبیر دەهێنینەوە، واتای چالاکییەکەی هەڤاڵ زیلان بە هەمان ڕۆحیەتی ساڵی یەکەمی واتا ٣٠ـی حوزەیرانی ١٩٩٦ کاریگەریی هەیە و زیندووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئازادیی فەلسەفەیەکی ژیانییە، چەمکێکی تێکۆشانە، ڕێبازێکە و چالاکییەکە، زەینەب کناجی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆی کردە چەمكێکی تێکۆشان و ژیانی، هەڤاڵ زیلان، کاتێک لە ٦ـی ئایاری ١٩٩٦ هەنگاوە سەرەتاکانی پیلانگێریی نێودەوڵەتی هاویشترا، لەبەرامبەر هێرشێك کە ئامانجی لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ بوو، لە ٣٠ـی حوزەیرانی ١٩٩٦ بەشێوەیەکی گیانبازیی وەڵامی دایەوە و ئاستی تێکۆشانی گەیاندە بەرزترین ئاست.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "بە ڕێبازی زیلان، ژنانی کورد بوون بە سوپا، بوون بە پارت، بەشێوەیەکی مەزن خۆیان بەڕێکخستن کرد، لە دژی زهنییەتی دەسەڵاتی پیاوسالاریی، فاشیزم و قڕکەر بە تێکۆشانی خۆیان بوون بە زامنی هەموو ئازادییەکان.
زیلان فەرمانداری سوپای ئێمەیە، بەرخۆدانەکانی یەژاستار و هەپەگە لە چیاکانی کوردستان، بوون بە وەڵامگۆی فەرمانەکانی زیلان، ئەمڕۆ هەر گەریلایەک شوێنکەوتەی زیلانە، دەستی خۆیان داوەتە یەکدیی و وەک بازنەیەکی زنجیر ئاسا لە یەکدی گڕێدراون، نە تانک، نە هێرشی ئاسمانیی و نە بەکارهێنانی کیمیایی، ناتوانن ئەو زنجیرە بقرتێنن، فەلسەفەی سەرکەوتن بە تێکۆشان و بەرخۆدان پێکدێت و بە جۆشی هەر گەریلایەک کە بە ئیرادە و قارەمانێتییەوە دەچێتە سەر دوژمن بووە بە بابەتێكی ژیانیی.
هەنگاوی مێژوویی هەڤاڵ زیلان ئەوە ئاشکرا دەکات، کە ڕێگەی سەرکەوتنە، ڕێگەی یەکبوونە، ڕێگەی ئازادیی ڕێبەڕێتییە، ڕێىەرێتی ژیانی مرۆڤایەتیی ئازادی پیرۆزە، بە ئیرادەبوون و ڕۆحیەتی گیانبازی زیلانەکان ئێمە بە بەهێزییەوە بەشداریی هەنگاوی ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری بۆ دۆزی کورد دەبین".