خەڵکی قامیشلۆ داوا دەکەن دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکرێت

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، سەدان کەس لە شاری قامیشلۆ لە ڕێپێوانێکی بەرفراواندا داوای کۆتایی هێنان بە گۆشەگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

قامیشلۆ

 

سەدان کەس لە خەڵکی شاری قامیشلۆ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە دروشمی "ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسییە بۆ پرسی کورد" ئیدانەی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد و جەختیان لەسەر بەردەوامیی خەبات و بەرخۆدانیان تا ئەو کاتەی کە لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد دەکرێت، کردەوە.

 

لە ڕێپێوانەکەدا، فادیا سلێمان وتی: ئەو گۆشەگیرییە قبوڵ ناکەین کە بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە، ژنان مافەکانیان لە سایەی بیرکردنەوەی ڕێبەر ئۆجالان بەدەستهێناوە، بۆیە تا دوا هەناسەمان دەجەنگین تا بتوانین هەوڵی ڕزگاری جەستەیی ڕێبەرەکەمان بدەین، داوا لە هەموو ئەو گەلانە دەکەین کە خەون بە ئازادییەوە دەبینن، تێکۆشانی بەردەوام بکەن بۆ ڕزگارکردنی ڕێبەری مرۆڤایەتی.

 

هەروەها سوهام سلێمان وتی: ئێمە بە پاراستنی شۆڕشی خۆمان و قوربانیدانی شەهیدان، بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەپارێزین، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک ڕێگەی بۆ یەکگرتنەوەی گەلانی نیشتەجێی ناوچەکە کردەوە کە لە پڕۆژەکانی ڕێبەر ئۆجالانە، بۆیە ڕێبەر ئۆجالان بووەتە چەترێک بۆ هەموو گەلان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە یەک دەنگ و بە یەک داواکاری لەبەردەم هەموو ئەو وڵاتانەدا دەوەستین کە پیلانگێڕی نێودەوڵەتییان دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داڕشتووە، ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە سایەی گەلەکەیەوە بەدەست دێت کە باوەڕیان بە بیرۆکەکانی هەبووە".