بەهۆی مینەوە شەش هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ لە شاری حودەیدەی یەمەن، لە مانگی نیساندا شەش کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

یەمەن

 

بەهۆی مینەکانەوە، کە لە ئەنجامی شەڕدا لە یەمەن ماونەتەوە، مانگانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی لەوانە منداڵان و ژنان گیان لەدەست دەدەن، ئاستەنگی لە پەیداکردنی بژێوی ژیان دروستدەکات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچە زیانلێکەوتووەکان تێکدەدەن.

 

ڕاپۆرتێکی نوێی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لە ڕێککەوتنی حودەیدە، پشتڕاستی کردەوە کە لەم دواییانەدا لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ لە شاری حودەیدە لە ماوەی مانگی نیساندا شەش کەس کوژراون، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، چوار ڕووداوی تەقینەوەی پاشماوەی مینەکان لە شارۆچکەکانی حالی، مراوعە، بیت فەقیە و شاری حودەیدە ڕوویانداوە، بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە کارەساتبارتر دەکات، ئەوەیە کە ٪٦٧ی کۆی قوربانیان منداڵ بوون، کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و سێ منداڵیش برینداربوون، سەرەڕای ئەمەش ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ماوەی مانگی نیساندا کەمترین بووە بە بەراورد بە سەرەتای ساڵ.

 

شاری حودەیدە بە یەکێک لەو ناوچانەی یەمەن دادەنرێت کە زۆرترین پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ و مینی تیادا بەجێماوە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣دا کۆی گشتی ٤٥٠ قوربانی لەو شارەدا تۆمار کراون، کە ٤٣.٥٪ی منداڵان و ژنانی تێدایە.

 

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە مینەکان هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی خەڵکی مەدەنین لە یەمەن، ئەمە جگە لە تێکدانی بژێوی ژیان و ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچە زیانلێکەوتووەکان.