یەکێتی ئەوروپا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی پەسەند کرد

کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا کە ٢٧ وڵاتی تیادا ئەندامە، یاسایەکی پەسەند کرد، کە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەرەوپێش دەبات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا، کە ٢٧ وڵات تیایدا نوێنەرایەتی هەیە،، یەکەم یاسای ئەوروپیان پەسەند کرد، بۆ نەهێشتنی دەستدرێژیی سەر ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، کە لە مانگی نیساندا بە شێوەیەکی ئەرێنی پڕۆژە یاساکەی لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا وەرگیرا.

 

ناوەڕۆکی یاساکە خەتەنەکردنی مێینە، هاوسەرگیری زۆرەملێ، بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت بەبێ ڕەزامەندی کەسەکە و هێرشی ئەلیکترۆنی لە ئەوروپا بە تاوان لە قەڵەم دەدات، کەمترین سزاش بۆی یەک بۆ پێنج ساڵ دەبێت، لە دۆخی پێویستیشدا سزای قورستر هەیە.

 

هەر لە بڕگەیەکی یاساکەدا باسی لەوە کردووە، کە ئەگەر توندوتیژیلێکراوەکە منداڵ بێت یان هاوژینی تاوانبار یان هاوژینی پێشووی بێت، ئەوا سزای قورستر بەسەر تاوانباردا دەسەپێندرێت.

 

جێی ئاماژەیە دوێنێ کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد، ئەم پەسەندکردنە فەرمییەش دەبێتە دوا هەنگاوی یاساکە و هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەرەوپێش دەبات.