"تیک تۆک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی زیرەکی منداڵان و پوکانەوەی مێشکیان"

 پڕۆفیسۆرێک ئاشکرایدەکات، تیک تۆک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی زیرەکی منداڵان و پوکانەوەی مێشکیان.

ناوەندی هەواڵ

 

زانایان ڕایانگەیاندووە، بەکارهێنانی بەردەوامی شاشە، چی ئەگەر کۆمپیوتەر بێت یان مۆبایل و تەلەفزیۆن کاریگەریی خراپ لەسەر توانای مێشکی منداڵان و سەرنجدانیان دروستدەکات، بۆیە پزیشکان ئامۆژگاریی دایک و باوکان دەکەن، منداڵەکانیان بە جۆرێک بەرکەوتنیان هەبێت لەگەڵ ئەو ئامێرانەدا، کە دووریان نەخاتەوە لە دونیای منداڵانەی خۆیان و سوود لە بەکارهێنانی وەربگرن بەپێی تەمەنیان و چاودێری کاتی بەکارهێنانیان بکەن.

 

دەربارەی زیانەکانی بەکارهێنانی شاشەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە بە تایبەت زیانی تیکتۆک، ستیڤن سکۆت پرۆفیسۆر لە بواری تەندروستی و ڕەفتاری منداڵ لە زانکۆی لەندەن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "the sun"ی بەریتانی باسی لە کاریگەرییە خراپەکانی تیکتۆک لەسەر دەروون و توانای مێشک و رڕەفتارەکانی منداڵان کردووە و وتوویەتی: بەکارهێنانی ئەو تۆڕە لەلایەن منداڵانەوە دەبێتە هۆی پوکانەوەی مێشکیان.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، بەکارهێنانی بەردەوامی تیک تۆک لەلایەن منداڵانەوە دەکرێت ببێتە هۆی "تێکچوونی ڕەفتاریی" لای منداڵان، لە ناو سۆشیاڵ میدیادا خۆیان بە کەسایەتییەک و جۆرێکی دیکە ببینن جیاواز لە ژیانی راستەقینەیان و ئەوەش وردە وردە کاریگەر دەبێت لەسەر ڕەفتارەکانیان لە ژیانی ئاساییدا، لە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەشدا، ڕەنگە پەلبکێشیت بۆ تووشبوونیان بە گرفتی دەروونی.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیک تۆک هاوشێوەی چەندین پلاتفۆڕمی دیکە دەتوانێت ئالودەبوون دروستبکات، کە دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئەو تۆڕە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی دروستدەکات، بە جۆرێک دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان و بەکارهێنەر هەوڵدەدات بگەڕێت بەدوای خۆشییەکی کاتیدا.