توندوتیژییەکان لە سودان زیاتر دەبن و سەدان کەس ژیانیان لە مەترسیدایە

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکانی سودان، ٨٠٠ هەزار کەس لە شاری فاشێر لە سودان مەترسییان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سودان، ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی برسێتی لەو وڵاتە.

 

بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ دووپاتیانکردەوە کە لە شاری فاشر لە سودان، بەهۆی برسێتی و زیادبوونی توندوتیژییەکان، نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس لە مەترسییەکی گەورەدان و دەبێت بەپەلە کارێک بکرێت.

 

ڕۆسیماری دیکارلۆ، بەرپرسی کاروباری سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، شەڕی بەردەوامی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان لە سەرتاسەری دارفور، بووەتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی خوێناوی لە نزیک شاری فاشر، پایتەختی دارفۆری باکوور، دیاری کرا کە ٢٥ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و نزیکەی ٨ ملیۆن کەس ئاوارە بوون.

 

هەزاران کەس ئاوارە بوون

سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆن و پاراستن لە فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند: توندوتیژییەکانی شاری فاشر کە هەڕەشە لە ٨٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی دەکات، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس و ٩ ملیۆن کەس لە شارەکاندا دەژین و ئاگادارکراونەتەوە کە لە دارفۆر پێویستیان بە یارمەتی مرۆڤ هەیە.

 

لە کۆتایی مانگی ئاداری ڕابردوو ڕێکخراوێک کە گرنگی بە ئاسایشی خۆراک دەدات و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕایگەیاند کە سودان لە لێواری برسێتیدایە و ڕایدەگەیەنێت کە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە مردنی خەڵک و تێکچوونی هەموو بارودۆخەکان، بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ لەو وڵاتە پێویستە بدرێت.