جەژنی پیرە فات و پیرە لبنا بەرز ڕاگیرا

لە گوندی جەفری سەر بە شەنگال، کۆمەڵگەی ئێزدی جەژنی پیرە فات و پیرە لبنایان بەرز ڕاگرت.

شەنگال

 

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ، جەژنی پیرە فات و پیرە لبنا کە یەکێکە لە جەژنەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی، لە گوندی جەفری سەر بە شارۆچکەی خانەسۆری شەنگال پیرۆز کرا.

 

ڕۆژێک پێش ئەوەی هیلال بخرێتە سەر قوبەکان، مجەور و کەسایەتییە ئاینیەکان قوبەی ئێزدییەکان دەڕازێننەوە و خۆیان بۆ دووەم ڕۆژی پیرۆزکردنی جەژنەکە ئامادە دەکەن، لە ڕۆژی دووەمدا، بە مەراسیمێکی ئایینی، هیلال و پەریەکان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و بە دەم هەلهەلەی ژنانەوە دەخرێنە سەر قوبەکان، ژن و پیاو بە جلی نەریتییەوە بەشدارییان لە مەراسیمی جەژنەکەدا کرد و پیرۆزباییان کرد، لەناو قوبەکاندا بۆ ئەوەی ڕازی دڵیان جێبەجێ ببێت، گرێیان لە پەڕۆ ڕەنگاوڕەنگەکان دا و ماچیان کرد.

 

لە کۆتاییدا لە بەردەم قوبەکاندا هاوڵاتیان ئاهەنگیان گێڕا، ئەمەش نەریتێکی ساڵانەی ئێزدییەکانە و لەو ڕۆژەدا هەموو قوبەکان بە مەراسیم پاک دەکرێنەوە و بە دوو ڕۆژ مەراسیمە ئاینییەکە بەڕێوە دەچێت.