"بەرخۆدانمان بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت"

نوسەیبە عەبدۆ خەڵکی عەفرینە و منداڵەکەی لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر تل ڕەفعەت گیانی لەدەستداوە، دەڵێت بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو هێرشەکان.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ ناوچەی عەفرینی داگیرکرد، سەدان هەزار کەس کۆچیان بۆ شەهبا کرد، لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەمدا، خەڵکی عەفرین سەرەڕای هەموو هەلومەرجی ژیان تا ئەم ساتەوەختە بەردەوامن لە بەرخۆدان و دەوڵەتی تورکیاش بەردەوام هەوڵی ئاوارەکردن و کۆمەڵکوژی گەل دەدات، ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ناوچەی تل ڕەفعەتی سەر بە کانتۆنی شەهبا کۆمەڵکوژییەک لە دژی منداڵانی عەفرین ڕوویدا و ٨ منداڵیش گیانیان لەدەستدا.

 

لەم کۆمەڵکوژییەدا دوو منداڵی نوسەیبە عەبدۆ، خەڵکی گوندی قەنتەرەی سەر بە ناوچەی مابێتای کانتۆنی عەفرین بریندار بوون و منداڵە ٩ ساڵانەکەی بە ناوی عیماد کەفۆش گیانی لەدەستدا.

 

نوسەیبە عەبدۆ باسی لە کۆمەڵکوژییەکە کرد و وتی: بەرخۆدانمان بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت، بەهۆی هێرشی تۆپخانە و داگیرکارییەوە ناچار بووین عەفرین بەجێبهێڵین و لە شەهبا نیشتەجێ بووین، تا ئێستاش بەرەنگاری گەڕانەوە بۆ عەفرین دەکەین، هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر شەهبا و دەیەوێت خەڵک لەم ناوچەیە چۆڵ بکات، دوای ساڵێک لە کۆچکردنمان لە عەفرینەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی دڕندانەی ئەنجامدا، لە ئەنجامدا منداڵەکەم گیانی لەدەستدا و دوو منداڵی دیکەشم بریندار بوون، ڕووداوێکی تاریک و ناخۆش بوو لە ژیانماندا، تا ئێستاش باوەڕم بەوە نییە کە عیمادەکەم مردووە، ئەوان منداڵ بوون، لەبەردەم ماڵەوە یارییان دەکرد، گوناهیان چی بوو کە بەم شێوەیە کوژران.

 

"ئێمە هەموو ڕۆژێک لەگەڵ یادگارییەکانی عیماد دەژین"

نوسەیبە عەبدۆ ڕایگەیاند کە تا ئەم ساتە لەگەڵ یادگارییەکانی عیماد دەژین و وتی: لەو ڕۆژەوەی عیماد شەهید بوو تا ئەم ساتە هەرگیز لەبیر نەکراوە، ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ یادەوەرییەکانیدا دەژین، هەموو ساتێک یادی دەکرێتەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا هەرکاتێک کەسێک دەمرێت، ڕووداوەکەی عیماد بیردەهێنرێتەوە و هەرگیز لەبیری ناکەین، ئەم هەمووە بەس نییە؟، ئێمە لە شوێن و ناوچەکانمان ئاوارە بووین و منداڵەکانیشمان لێدەسەندرێتەوە.

 

نوسەیبە عەبدۆ داوای وەستاندنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیانی کرد و وتی: داواکاری سەرەکی ئێمە وەک دایکان ئەوەیە کە شەڕ و ململانێکانی جیهان بووەستێنرێت و بگەڕێینەوە بۆ شوێن و ناوچەکانی خۆمان لە عەفرین، با منداڵەکان بگەرێنەوە نەک بکوژرێن، هیچ شتێک لە ڕۆحی مرۆڤ گرانتر نییە، بەڵام ئێمە بەخشیومانەتەوە وڵاتەکەمان.