ژمارەی ئەو کەسانەی لە مۆسکۆ کوژران گەیشتە ٩٣ کەس و ١١ کەسیش دەستگیرکران

ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی مۆسکۆدا کوژراون گەیشتە ٩٣ کەس و ژمارەی بریندارەکان گەیشتە ١٢١ کەس. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەکە لەوانەیە زیاد بکات و ١١ کەسیش دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی هۆڵی کۆنسێرتی " Crocus City Hall" لە مۆسکۆ کوژران، کە چەتەکانی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند، لە زیادبووندایە.

 

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی مۆسکۆ لەبارەی هێرشەکەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە هێرشەکەدا ٩٣ کەس کوژراون و ژمارەی بریندارەکان گەیشتە ١٢١ کەس، هەروەها سێ منداڵ لەناو ئەو کەسانەدان کە گیانیان لەدەستداوە.

 

پارێزگاری مۆسکۆ ڕایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکرێت کە لە هێرشەکەدا کوژراون، هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوان لەوانەیە زیاد بکات.

 

١١ کەس دەستگیرکران

لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، چەکی ئۆتۆماتیکی لە هێرشەکەدا بەکارهێندراوە و ئەفسەرەکانی هێرشەکە دەستگیرکراون، هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە هێرشبەرەکان ماددەی سووتێنەریان بەکارهێناوە بۆ سوتاندنی بینای کۆنسێرتەکە.

 

ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا وتی: چوار کەس کە ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لە هێرشەکەی سەر باڵەخانەی شاری کرۆکۆس، لەناو ١١ کەسدان کە دەستگیرکراون.