لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە ٩٧ هەزار کۆچبەر گەیشتنە یەمەن

یەمەن شوێنی مەبەستە بۆ هەزاران کۆچبەر کە لە وڵاتانی قۆڕنی ئەفریقاوە هاتوون و بەشێکی زۆریان هەوڵدەدەن لەو ڕێگەیەوە بچنە وڵاتانی کەنداو.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی یەمەن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٩٧ هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و ئەم ژمارەیەش زۆر زیاتر لەو ژمارەیەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا تۆمارکراوە و گەیشتووەتە ٧٠ هەزار کۆچبەر.

 

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ژمارەی زۆری کۆچبەران کاریگەری زۆری لەسەر کۆمەڵگەی ناوخۆیی هەیە، چونکە فشار دەخاتە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان و ئەو خزمەتگوزارییانەی لەوێ پێشکەش دەکرێن.

 

یەمەن بە شوێنێکی مەبەست دادەنرێت بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی قۆڕنی ئەفریقا بەتایبەتی ئەسیوپیا و سۆماڵ و بەشێکی زۆریان لە گەشتێکی سەختدا بۆ وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە هەوڵدەدەن بەو شوێنەدا تێپەڕن.

 

سەرەڕای ئەو شەڕەی کە ماوەی چەند ساڵێکە لە یەمەن بەردەوامە، ئاوارەبوون بەردەوامە بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ساڵی ٢٠٢٣ یەکێک بووە لەو ساڵانەی ژمارەی هاوڵاتیانی ئاوارەبوو کەمتر بووە لە ساڵەکانی دیکە، بەڵام دواتر بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ژیانیانەوە هاوڵاتیان ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بە دوای ژیانێکی سەلامەتدا بگەڕێن.