لە غەززە هەر سێ منداڵ یەکێکیان تووشی بەدخۆراکی سەخت دەبێت

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل بۆ شەشەمین مانگی لەسەر یەک بەرزبووەتەوە بۆ ٣١ هەزارو ٥٥٣ کەس و منداڵان بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ ماوەی ١٦٣ ڕۆژە خەڵکی کەرتی غەززە گەمارۆدراون و لە برسێتییەکی ڕاستەقینەدا دەژین، لە ئەنجامدا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان منداڵ و ساوان، ئاستی بەدخۆراکی توند ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، هەڕەشەی کارەساتێکی مرۆیی دەکات، بەتایبەتی دوای لەدەستدانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان.

 

ڕۆژانە تۆپباران و شەڕ لە هەموو ناوچە گەمارۆدراوەکە بەردەوامەو ئاژانسی فریاگوزاری و کار بۆ پەنابەرانی فەڵەستین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "UNRWA" ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە غەززە، یەک لە سێ منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ بە توندی بەهۆی بەدخۆراکی دەناڵێنن، ڕێژەی بەدخۆراکی منداڵان بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێکی بێ وێنە.

 

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی جەنگەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣١ هەزارو ٥٥٣  کەس، ژمارەی بریندارەکان گەیشتە ٧٣ هەزارو ٥٤٦ کەسی دیکە، هەزاران کەس هێشتا لەژێر وێرانەی خانووە ڕووخاوەکاندان، هێزەکانی ئیسرائیلیش ڕێگری دەکەن لەوەی تیمەکانی فریاکەوتن بگەنە ئەو کەسانە.

 

لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ژمارەیەک ماڵ و باڵەخانە لە باکووری کەرتی غەززە و کامپی پەنابەرانی نوسەیرات و شاری ڕەفە، زیاتر لە ٨٠ کەس کوژران و دەیان کەسی بریندارکرد، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها بینایەکی ٧ نهۆمیشی بۆردومان کرد کە خەڵکی ئاوارەی تێدابوو و دەیان کەسی کوشت و بریندارکرد، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر پاشماوەکاندا گیریان خواردووە هێشتا نەزاندراوە.

 

خەڵکی کەرتی غەززە لە لێواری برسێتیدان، بەگوێرەی ڕێکخەری فریاگوزاری فریاکەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕایگەیاند منداڵان بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەست دەدەن، ١.٧ ملیۆن کەسی ئاوارەش بەهۆی لەدەستدانی پەناگە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دەناڵێنن.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئەندامێکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بارودۆخی غەززە بووەتە کابوسێک بۆ دایکان و منداڵان، دوای ئەوەی پزیشکەکان ڕاپۆرتیان لەسەر لەدایکبوونی منداڵی بچووک و نەخۆشەکان کرد، جگە لە لەدایکبوونی کۆرپەلەی گیان لەدەستدراو، هەروەها ژنانی ناچار کرد کە منداڵیان ببێت و نەشتەرگەری قەیسەری بکەن بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو بێهۆش بکرێن.