لەژێر فشاری شەڕدا ژنان ناتوانن باسی مافەکانیان بکەن

دەیان ژنی مەغریبی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە برسێتی و ئاوارەیی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت ئەو دۆخەی ژنانی غەززەی تێدایە

مەغریب

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مەغریب دوێنێ، وەک هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی غەززە کە ماوەی پێنج مانگە تووشی خراپترین جۆری پێشێلکاری بوونەتەوە، لە بەردەم پەرلەمان خۆپیشاندانێکیان سازکرد، دەیان ژن لە مەغریب بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکەدا کرد، تێیدا ئیدانەی پێشێلکارییەکانی دژی ژنان و منداڵان لە غەززە و ئەو سنووردارکردنانەی کە بۆ هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان سەپێنراون.

 

فاتنە ئەفید، ئەندامی گرووپی نیشتمانی بۆ پشتیوانی لە فەلەستین، وتی: ئەو ناڕەزایەتییە لە چوارچێوەی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی مافەکانی ژنان ئەنجام دەدرێت، ئاماژەی بەوەدا کە ٨ی ئاداری ئەمساڵ هاوکات بوو لەگەڵ ئەو کاتەی کە خەڵکی مەدەنی بێ بەرگری لە غەززە ڕووبەڕووی جینۆساید دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم خۆپیشاندانە بۆ هاودەنگ بوونە لەگەڵ ژنانی فەڵەستین، هەروەها منداڵان کە تووشی ترسناکترین جۆرەکانی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، داوای کۆتاییهێنان بەو کۆمەڵکوژییانەی بەرامبەریان دەکرێت.

 

 

نەدا غربی، یەکێک لە بەشداربووانی ناڕەزایەتیەکە، دەستکەوتەکانی ژنانی مەغریبی بەرز نرخاند، ڕوونیشیکردەوە، ئەوان توانیان کۆت و بەندەکان بشکێنن و خەباتیان کرد بۆ گۆڕینی یاسا جیاکاریەکان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەروەها بەردەوامن لە خەباتی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، وتیشی: هیوادارین ژنانی فەلەستینیش بەهەمان شێوەی ژنانی مەغریب هەوڵ بدەن و خەبات بکەن، هەرچەندە ئەو دۆخەی ژنای تێدایە لە فەڵەستین دەرخەری ئەو ڕاستیانەن کە ژنانی فەڵەستین بەرخۆدان دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

 

 

نەجات یەعقوب، یەکێکی دیکە لە بەشداربووان ڕوونیکردەوە، ژنانی فەڵەستینی لەژێر بارگرانی شەڕدا تووشی دۆخێکی سەخت دەبنەوە، وتیشی: ئێمە دەتوانین چۆن یادی ڕۆژی ژنان بکەینەوە لە کاتێکدا دەبینین ژنان لە فەڵەستین دەچەوسێندرێنەوە، توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان و منداڵان لە خراپترین بارودۆخی برسێتی و ئاوارەبووندا دەژین، بۆیە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان دەرفەتێکە بۆ نەمریکردنی خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.