ژنانی ئەرمەنی: هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ڕێگەیەکی چارەسەرە بەڵام هێرشی دەکرێتە سەر

پێکهاتەی ئەرمەنی جەختیان لەوەکردەوە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بە ئیرادەی گەلی ناوچەکە پێکهێندراوە، بۆیە هێرشەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرێن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لە ١٢ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوپەیمانێتییەکی کۆمەڵایەتی ١٣٤ ماددەی لەسەر بنەمای پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ ئازادی ژنان و کۆمەڵگە ڕاگەیاند، ماددەی شەشەم ئاماژە بەوە دەکات کە مافەکانی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سووری و ئەرمەنییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکسانن و مافی ئەوەیان هەیە بە زمان و کولتووری خۆیان ژیان ڕێکبخەن، دوای واژۆکردنی هاوپەیمانێتییەکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە بەرامبەردا پێکهاتەی ئەرمەنی ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

 

"لە هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتیدا، مێژووی زمان و کولتووری خۆمان زیندوو دەکەینەوە"

ئاربی کەسبیریان ئاماژەی بەوەکرد، پێکهاتەکانی هەرێمەمەکە بە هاوپەیامنێتی کۆمەڵایەتی دەستکەوتی خۆیان دەپارێزن و وتی: هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلان پێکهێندرا و بە بۆچوون و ئیرادەی گەلان نووسراوە، ئەمە وەک هەنگاوێکی پیرۆز دەبینین، بە تایبەتی وەک گەلی ئەرمەن، دەتوانین بوونی خۆمان بپارێزین لە ڕێگەی هاوپەیمانێتیەکەوە و بە هەموو جیهان بڵێین کە ئێمە هەین و بوونمان هەیە، یەکێک لەو یاسایانەی کە تێیدا نووسراوە ئەوەیە هەر پێکهاتەیەک مافی ئەوەی هەیە بە زمان و کولتووری خۆی کارەکانی خۆی ڕێکبخات و جێبەجێی بکات، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئێمە بۆ زیندووکردنەوەی مێژوو، زمان و کولتوورمان. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراسیترین سیستمە، زۆرێک لە وڵاتان داوای دیموکراسی دەکەن، بەڵام دیموکراسی لەسەر زەوی بوونی نییە، ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتێکی دیموکراسی هەبووایە، کۆمەڵکوژی لە دژمان نەدەبوو.

 

"کۆمەڵکوژییەکان لەبیرناکەین و بەرخۆدان دەکەین"

ئاربی کەسبیریان هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کردو وتی: دوای ئەوەی هەنگاوێکی پیرۆزیان گرت بە واژۆکردنی هاوپەیمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر شوێنەکانی خزمەتی گەل دەستپێکردەوە، دەیەوێت ئیرادەی خەڵک بشکێنێت، وەک گەلی ئەرمەنی لەگەڵ پێکهاتەی کورد و عەرەب و سووریا تا کۆتایی دژایەتی دەکەین، ئەوە لەبیر ناکەین کە دەوڵەتی تورک لە مێژوودا چی بە ئەرمەنییەکان کردووە، ئەو ئازار و زیانانەی کە ئێستا گەلی ئەرمەنی ئازار دەیچێژن بەهۆی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی عوسمانی بوو.

 

"هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ڕێگایەکە بۆ چارەسەر بەڵام هێرشی دەکرێتە سەر"

ماری ئەردمیان ئاماژەی بەوەکرد کە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی چارەسەری کێشەکانە، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕێگە بە چارەسەر نادەن و وتی: ئەم هاوپەیمانێتییە لەسەر بۆچوونی هەموو پێکهاتەکان واژۆکراوە، بۆ پاراستنی ماف و دەسکەوتەکان، لەبەر ئەوە ئەم هاوپەیمانێتییە ڕێگا بۆ چارەسەرێک دەکاتەوە، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕێگە بە گەلی ناوچەکە نادات خۆیان ڕێکبخەن، دەبینین هێرشەکانی دەوڵەتی تورک به ئامانجی قوڵکردنەوەی قەیرانەکانن، بێدەنگی وڵاتانی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکەین، بۆچی هێرشەکان شوێنی خزمەتگوزاری دەکەنە ئامانج؟ وەک گەلی ئەرمەنی ئیدانەی سیاسەتی قڕکردن دەکەین کە گەل دەکاتە ئامانج و بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبینەوە و خاکەکەمان بەجێناهێڵین.