بنەماڵەی ژینا ئەمینی ڕێگرییان لێکرا بچنە دەرەوەی وڵاتی ئێران

بڕیاربوو باوک و دایکی و برایەکی ژینا ئەمینی بچنە فەرەنسا تا بەشداری وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ بکەن، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە ڕێگرییان لێکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیاربوو ئەندامانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەسەر بانگهێشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ گەشت بکەن بۆ فەرەنسا، لە فڕۆکەخانەی "ئیمام خومەینی" ڕێگەیان پێنەدرا بەڕێبکەون و پاسپۆرتەکانیان دەستی بەسەردا گیرا.

 

باوک و دایک و براکەی ژینا ئەمینی کاتژمێرێک پێش گەشتەکە ڕێگەیان پێنەدرا ئێران بەجێبهێڵن، سەرەڕای ئەوەی ڤیزەی فەرەنسی و مۆڵەتی فڕینیان هەبوو، بە گوێرەی ئەو هەواڵە بڵاوکراوەکانیش، ئەندامانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەلایەن بریکارە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و وەڵامیان داوەتەوە، هەروەها لەگەڵ براکەی ژینا ئەمینی ڕووبەڕووی یەک بوونەوە و بووە هۆی پێکانی براکەی ژینا ئەمینی.

 

گەشتەکەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ بەشداریکردن بوو لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤ لە وڵاتی فەرەنسا، کە ئەمساڵ پێشکەش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرا.

 

بەپێی زانیارییەکانیش بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، پارێزەری بنەماڵەکە گەشتی کرد بۆ وڵاتی فەرەنسا.

 

جێی ئاماژەیە، بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە کاتی کوژرانی ژینا ئەمینییەوە بەردەوام لە ژێر فشارێکی توندی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا بوون.