دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە بە بۆردومان سەدان کەس کوژران و برینداربوون

دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستە مرۆییە ٧ ڕۆژییەکە و نەبوونی ئاگربەستێکی نوێ، ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٠٠ کەس و برینداربوونی ٦٠٠ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

لەدوای دەستپێکردنی جەنگ لە ٧ی تشرینی یەکەم، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکەی ٢٤ تشرینی دووەم گەیشتە زیاتر لە ١٥ هەزار کەس، لەناویاندا ٦ هەزارو ١٥٠ منداڵ و زیاتر لە چوار هەزار ژن هەن، نزیکەی ٦ هەزارو ٥٠٠ کەس لە ژێر داروپەردوودا ونبوون یان چارەنووسیان هێشتا نەزانراوە و ٣٧ هەزار کەسیش برینداربوون.

 

ئیسرائیل و حەماس دوای ئاگربەستی مرۆیی ٧ ڕۆژیی، نەگەیشتنە ئاگربەستێکی نوێ و هەردوولا یەکتریان تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە.

 

ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و وشکانی و دەریایی لە یەکەم ڕۆژی قۆناغی نوێی شەڕی دژ بە غەززە، لەگەڵ خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە کە خانووە نیشتەجێبووەکانی شێخ نەسر و بەنی سوهیلای کردە ئامانج، خوێندنگەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە سەدان ئاوارەی تێدابوو کرایە ئامانج.

 

بۆردومانەکە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ناوچەکان کرد، هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی ڕاگرت و هەروەها بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٦٠٠ کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە بەیانی ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەم کە بۆردومانەکان دەستیانپێکرد، سێ ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی گیانیان لەدەستدا.

 

ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی ناوچەکە دەکات

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پەڕەیان بەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری خان یونس، گەورەترین شاری باشوری کەرتی غەززەدا فڕێدا و دانیشتوانەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە دەستبەجێ چۆڵی بکەن و بڕۆن بۆ شوێنە پارێزراوەکانی ڕەفەح.

 

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی گیان لەدەستدانی پێنج زیندانی پشتڕاستکردەوە کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون و خێزانەکانیان ئاگادارکراونەتەوە و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، لەکاتێکدا حەماس هێشتا ١٣٦ زیندانی هەیە لەنێویاندا ١٧ ژن و منداڵ هەن.

 

ئاگربەستە مرۆییەکە ڕێگەی بە ئازادکردنی ٨٠ زیندانی ئیسرائیلی و ٢٤٠ بەندکراوی فەلەستینی دا، لە کاتێکدا ژمارەیەک بیانی ئازادکران.