بەرلین، لە فێستیڤاڵی فیلمی جیهانیی ژنان چیرۆکی ژنان دەخرێتە بەرچاو

لە فێستیڤاڵی فیلمی جیهانیی ژنان لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، پرسی ژن، ئەزموونیان، چیرۆکەکانی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیان، خەیاڵ و ئەندێشەکانیان دەبەنە سەر شاشەی سینەماکان نمایش دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ 

 

بڕیارە لەمڕۆوە تا ١ـی تشرینی دووەم، فێستیڤاڵی فیلمی جیهانیی ژنان لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت، لە سەرانسەری جیهانەوە، لەلایەن ژنانەوە؛ پرسی ژن، ئەزموونیان، چیرۆکەکانی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیان، خەیاڵ و ئەندێشەکانیان دەبەنە سەر شاشەی سینەماکان، بۆ ئەمساڵیش بابەتەکانی ” باوەڕداریی، خۆشەویستیی، خودناسین”، “دۆزینەوەی هێز، هاوبەشکردنی هێز” بە درووشمی “وەها مەبە- دژی توندوتیژیی سێکسیی بوەستە” دەخرێنە بەر باس.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا، کە زیاتر لە ٣٠ فیلمی جیهانیی نمایش دەکرێن، چەند فیلمێکیان تایبەتن بە پرس و ئەزموونی ژنانی کوردستان و سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” و چیرۆکی ژینا ئەمینی.

 

یەکێک لە فیلمەکان بەناوی “ئەرین” باس لە ژیان و ئەزموونی ژنە پارێزەر و چالاکوانی کورد “ئەرین کەسکین” دەکات، کە چۆن ماوەی ٣٠ ساڵە داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکات و دژی ستەم و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک وەستاوەتەوە.

 

لە چوارچێوەی نمایشکردنی فیلمەکاندا، پێشانگایەکی تایبەت بە ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان، بازرگانیی بە ژنان، دەستدرێژییکردنە سەریان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت دەکرێتەوە، کە لە ژێر ناوی “من دەنگی ئەو ژنەم”، لەگەڵ هەر کارێکی هونەریدا، کە بەسەرهاتی کۆمەڵێک ژنی قوربانی نیشان دەدات، تۆمارێکی دەنگیش هەیە کە چیرۆکەکە دەخوێنێتەوە و وادەکات سەردانیکەران زیاتر ئاوێتەی ڕووداوەکە ببن.