نەیجیریا، لە دژی شێرپەنجە کوتان بۆ حەوت ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کچ دەکرێت

لە نەیجیریا ڕاگەیەندراوە کە ٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کچ کوتانیان بۆ دەکرێت، لەپێناو کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی نەیجیریا لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان-یونیسێف و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی-WHO بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەربارەت بە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ڤاکسینی HPV لە سیستەمی پاراستنی ڕۆتینیدا جێگیر کراوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکان دژی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ پاراستنی ژنانی گەنج.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتی کوتانەی کە لە سەرتاسەری وڵات دەستیپێکردووە، ٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کچ لە دژی شێرپەنجە دەکوترێن، محەمەد پاتە، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕایگەیاند قبوڵ ناکرێت ساڵانە نزیکەی هەشت هەزار ژن لە وڵاتەکەدا بەهۆی نەخۆشییەکەوە بمرن کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

 

٪٨٠ی نەخۆشەکان لە وڵاتانی کەم داهاتدان

شێرپەنجەی ملی منداڵدان یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەی ژنان لە جیهاندا، ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار ژن تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و زیاتر لە ٢٥٠ هەزار ژنیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست دەدەن، ٪٨٠ی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە وڵاتانی مامناوەند و کەم داهات ڕوودەدەن، تەندروستی خۆپارێزی، پشکنینی پزیشکی بەردەوام و کوتانی HPV ڕێگەی کاریگەرن بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.

 

بەڵام هێشتا ڤاکسینی HPV (Human Papilloma Virus) لە زۆرێک لە وڵاتاندا لە بەرنامەی نیشتمانیدا نییە و بەبێ بەرامبەر دابین ناکرێت.