"بەهۆی بێباکی حکومەت دارستانەکانمان لەدەست دەدەین"

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بێباکی حکومەتی هەرێم و پێنەدانی نەوت بە هاوڵاتیان بە تایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەکان، دارستانەکان لەناودەچن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانە لەگەڵ نزیک بوونەوی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، داوایان کردووە فریای ناوچە کوێستانییەکان بکەون، بۆ پێدانی بەشە سووتەمەنی پێویست، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان ناچار نەبن پەنا بۆ بڕینەوەی دارستانە سرووشتییەکان ببەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ناکرێت حکومەت لە ئێستاوە بیر لەوە بکاتەوە ئەو نەوتەی دەیدات بە هاوڵاتییان بە شێوەی بازرگانی پێیان بدات و بیر لە قازانج بکاتەوە، دڵنیاین ئەمساڵ بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، وه‌رزی باران بارین زووتر ده‌ستپێده‌كات و سەرما و سۆڵە زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەواوە لەسەر ئاستی جیهان چەندین ڕێکاری هەنووکەیی و نوێ دەگیرێتە بەر، تازە بە تازە لای خۆمان، بەهۆی کەمتەرخەمی و بێباکی حوکمەتەوە خەڵکی ڕەش و ڕووتی هەرێم بە ناچاری دەست بۆ سیییەکانی زەوی دەبن و بۆ پاراستنی ژیانیان بەشیکیان لێ دەبڕنەوە.

 

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بە دەستکردن بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا کردووە کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرێت و هەر ماڵێک بڕی ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بە ١٠٠ هەزار دینار پێدەدرێت، ئەم بڕە پارەیە گرانییە بۆسەر شانی هاوڵاتیان و ڕەنگە ژمارەیەکی زۆری خەڵک نەتوانن نەوت بۆ ئەم زستانە دابین بکەن.