کار بۆ داخستنی کامپی ئاوارەکانی سنووری هەرێمی کوردستان دەکرێت

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کار بۆ داخستنی کامپی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش بۆ ھاندانی ئاوارەکانە بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سەردانی لیژنەی پلاندانانی ستراتیژی و خزمەتگوزاریی فیدڕاڵیی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد و گفتوگۆیان کرد لەبارەی پلانی داھاتووی وەزارەت لەبارەی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان.

 

لە کۆبوونەوەکەدا ئیڤان فایەق ڕایگەیاند، بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ داخستنی سەرجەم کامپی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لە ڕێگەی پلانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

 

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ٢٦ کامپی ئاوارەکان لە دھۆک، ھەولێر و سلێمانی ھەن و نزیکەی ٣٦ ھەزار خێزانی ئاوارەیان تێدایە.