دۆخەکە خراپتر دەبێت؛ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە دۆخی یەمەن دەدات

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا لە خراپتربوونی قەیرانی تەندروستی لە یەمەن و مەترسی بڵاوبوونەوەی زۆرێک لە نەخۆشیەکان بەهۆی نەبوونی بودجەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند، کە کەمکردنەوەی بودجە دەبێتە هۆی "بڵاوبوونەوەی ملیۆنان نەخۆشی، برسێتی بەربڵاو و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی"، هۆشداریشی دا کە، بەم شێوەیە دۆخەکەخراپتر دەبێت.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەوتی دارایی بەردەوام لە دابەزیندایە و ئەمەش قەیرانەکە زیاتر دەکات، لەکاتێکدا ڕێژەی ڕووماڵکردن لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە ٨٧٪، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بودجە بۆ زیاتر لە ٥٠٪ دابەزیوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە تا مانگی ئاب تەنها ٪٣١.٢ وەرگیراوە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەسەر پێویستی بەپەلەی بەردەوامی پاڵپشتی کرد بۆ دابینکردنی پێداویستییە زیادەکان دەکات، لەکاتێکدا قەیرانی مرۆیی وەک خۆی ماوەتەوە.

 

بەهۆی شەڕی یەمەن کە ماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە، ئەو وڵاتە بەدەست خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهانەوە دەناڵێنێت، کە هەژارترین وڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبییە، بەپێی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، شەڕەکە بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمی گشتیی ناوخۆی وڵاتەکە بۆ نیوە.

 

لە مانگی شوباتدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندبوو، نزیکەی نیوەی دامەزراوە تەندروستییەکانی یەمەن بە هۆی کەمی کارمەند، پارە، کارەبا، دەرمان، پێداویستی و کەلوپەلەوە، کە تەنیا بەشێکیان کاردەکەن یان بە تەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون.