کرێکارانی میزۆپۆتامیا ئیدانەی هێرشی سەر کەنەکە و فرۆکەخانەی عەربەتیان کرد

لەپێناو چیتر شەهید نەبوونی ڕۆڵەی کورد، ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا داوا دەکەن چوار پارچەی کوردستان هەڵوێست بنوێنن دژی دەوڵەتی تورکیا و خیانەتکارانی کورد.

سلێمانی

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بینای ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی، ئەندامانی ڕێکخراوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بۆ ئیدانەکردنی هێرشی سەر کەنەکە و فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ڕێکخست و ڕایانگەیاند، "داوا لە بنەماڵەی بەرزانی و حزب و دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەکەین نەبنە بەربەست بۆ گەلی کورد، دەستی دوژمن بەردەن".

 

فەخری ڕۆنی، ئەندامی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، هەمووان دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەناسین، پیلانگێڕی و جموجۆڵەکانی دژی گەلی کوردە، لەم چەند ساڵەی دوایدا بە هێرشێکی خیانەتکارانە هێرش دەکاتە سەر کورد و کوردستان، هەروەک چۆن چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە شاری هەولێر بە هاوکاری پەدەکە هێرشی کردە سەر دەنیز بولبونی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

 

"دەستی دوژمنان بەردەن"

کرێکارانی میزۆپۆتامیا ئاماژەیان بەوەدا، لەم چەند ساڵەی دوایدا بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردووەتە سەر کوردانی ئازادیخواز و وڵاتپارێز، لە ڕۆژئاوا، باکوور، سلێمانی و هەولێر هەر کوردێکی بەرخۆدێر هەبێت هێرشی دەکاتە سەر، لە ئێستادا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی تەکنیکی دەخاتە سەر گەلی کورد و کوردستان، داوا لە بنەماڵەی بەرزانی و حزب و دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەکەین نەبنە بەربەست بۆ گەلی کورد، دەستی دوژمن بەردەن، گەلی کورد قوربانی بنەماڵەی خۆیان و حزبەکەیان نەکەن، چونکە ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەر بە هاوکاری خیانەتکاران نەبێت، ناتوانێت یەک کورد شەهید بکات.

 

کرێکارانی میزۆپۆتامیا ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دژی هێزی ئازادیخوازی گەلی کورد چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت، خەباتی کەنەکەش خەباتە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و ئازادی کوردان دەکات، ئەوەی هێرش بکاتە سەر کەنەکە هێرشە بۆ نەتەوەی گەلی کورد، فەخری ڕۆنی وتیشی: هەر بۆیە بانگەوازی بۆ هەر چوار پارچە و ڕۆشنبیرانی گەلی کورد دەکەن کە کوردستانی گەورە نەکەنە قوربانی بۆ ناوچەیەک و بنەماڵەیەک، بۆیە پێویستە دەنگی خۆمان بڵند بکەین بۆ ئەوەی چیتر گەلی کورد شەهید نەبێت.

 

جێی ئاماژەیە لە ١٨ی ئەیلوول، لە دوو هێرشی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیادا، لە شاری هەولێر دەنیز جەودەت بولبول، ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە بارەگای کەنەکە تیرۆر کرا و دوو کاتژمێر دواتر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت رێگای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆردوومانکرا و سێ پێشمەرگەی هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان شەهید بوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.