بەرزبوونەوەی یەک پلە گەرما؛ ٪٧ی دانیشتوان بێ ئاو دەبن

پانێڵی نێوان حکومەتەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا-IPCC ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی بە یەک پلە، نزیکەی ٪٧ی دانیشتوانی جیهان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ٪٢٠ی سەرچاوەکانی ئاو دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی دوایین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە "سەرچاوەکانی ئاو و هەلی کار، ڕایگەیاندووە، سێ لەسەر چواری ئەو کارانەی کە هێزی کاری جیهانی پێکدەهێنن، تاڕادەیەکی زۆر یان مامناوەند پشت بە ئاوەوە دەبەستن، ئەمەش بەو واتایە دێت کە کەمی و کێشەکانی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و پاکوخاوێنی دەتوانێت گەشەی ئابووری سنووردار بکات و بەردەستبوونی هەلی کار لە دەیەکانی داهاتوودا کەم بکاتەوە،

 

پانێڵی نێوان حکومەتەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا-IPCC ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی بە یەک پلە، نزیکەی ٪٧ی دانیشتوانی جیهان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ٪٢٠ی سەرچاوەکانی ئاو دەبنەوە، ئەم کەمیی چاوەڕوانکراوە پێویستی بە پەنابردن بۆ سەرچاوەی ئاوی ناسروشتی هەیە، کە پێویستە پارە و تەکنەلۆژیای تایبەتی بۆ دابین بکرێت.

 

بۆیە پێویستە کاری زیاتر بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیا و دارایی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کەمی ئاو بکرێت، چونکە کەرتەکانی ئاو و کشتوکاڵ یەکەمین کاریگەرییان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەسەرە، هەروەها گرنگە ئاستی هۆشیاری تاک بەرامبەر ژینگە و سروشت بەرز بکرێتەوە و کارگە و کەرتی پیشەسازی ڕەچاوی دەردانی گازە زیانبەخشەکان بکات.