"ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد مێژووی ژنان دەنووسێتەوە"

دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆری ناگیهان ئاکارسەل و ژنانی پارچەکانی کوردستان، ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد کرایەوە و ژنانیش ئاماژەیان بەوەکرد، ئێستا شوێنێک هەیە بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆیان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد لە ٢٤ی حوزەیراندا بە مەراسیمێک لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی و بە بەشداری ژنانی پارچەکانی کوردستان لە مەراسیمێکدا ڕاگەیاندرا، ئەمڕۆش، ٢٥ی حوزەیران بە فەرمی ناوەندەکە بەڕووی سەردانیکاراندا کرایەوە، کە چەندین پەرتووک و گۆڤار و نامیلکەی تایبەت بە ژنان لە خۆدەگرێت، بەرهەمی ڕەنجی چەندین ساڵەی ژنانی چوار پارچەکەی کوردستانە، کە بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکان کێشاویانە.

 

 

شیرین تاهیر، نووسەر لە کردنەوەی ناوەندەکەدا وتی: ئێمەی ژنان دەتوانین لە ڕێگەی ئەم ناوەندەوە زهنیەت و هۆشیاریمان زیاتر ڕێکبخەین و پێداگری لەسەر ئامانجەکانمان بکەین، کە تا ئیستا شوێنێک نەبووە بەرهەمەکانی ژنی کورد کۆبکاتەوە، لە کاتێکدا لە هەموو بەشێکی جیهاندا ژنی کورد بوونی هەبووە، ئەمەش زۆر جار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەبەر ژن بوونیان بەرهەمەکانیان لەناوچووە.

 

لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکەدا ژنانی چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی بیانیش بە پەرتووک و دیاری جۆراوجۆر بەشداریان کرد و ڕەنج و ماندوبوونی ناگیهان ئاکارسەل بەرز ڕاگیرا، کە چۆن وەکو ژنێکی خەباتگێڕ بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و کردنەوەی ناوەندێک بوو بۆیان.

 

 

"وەکو شاعیرێک بەشێک لە بەرهەمەکانم بەخشیووە بەم ناوەندە"

سروە عوسمان، نووسەر و شاعیر لە شاری هەولێرەوە هاتبوو بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد و ئاماژەی بەوەکرد، "کردنەوەی ناوەندێکی وا دەستپێکێکی جوانە بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبیاتی ژنان، ئەم ناوەندە کۆکردنەوەی ئەو مێژووەیە کە ئێمەی ژنان چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدەین، ئێمە بە درێژایی مێژوو ژنانی بەتوانامان لە بواری نووسین، شیعر و ئەدەبیاتدا هەبووە و ئێستاش جێگەی خۆشحاڵیە کە ژنان دەستیان کردووە بە توێژینەوە، ژنان شایەنی هەموو ڕێزگرتنێکن و ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت تواناکانیان دەربخەن، زۆربەی بەرهەمەکانیشم لەسەر ژنان نووسیومە و دوو پەرتووکی شعریم هەیە و لە هەر یەکێکیان ١٠ پەرتووکم و تابلۆیەکیش کە باسی ژن دەکات بەخشیومە بەم ناوەندە.

 

"ناوەندێکی لەم شێوەیە گرنگە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان بناسن"

فاتمە ڕۆژهەڵات، وەکو ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کردنەوەی ئەم ناوەندە خەونی ناگیهان ئاکارسەل بوو و جێگەی خۆشحاڵیە ئەو خەونەی هاتۆتە دی، ناوەدنێکی وا بۆ ئێمەی ژنان پێوسیتە بۆ ئەوەی بێینە دەرەوە و ڕاستینەی ژن بزانین و فکرێکی ئازاد و بەرهەمی خۆمانمان هەبێت، کردنەوەی ئەم ناوەندە بە هەوڵ و ڕەنجی ناگیهان ئاکارسەل و ژنانی پارچەکانی کوردستان بووە.

 

هەروەها وتیشی: وەک دەزانین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی چەند مانگێکە شۆڕشی ژینا هەیە، ئێمەش دەبێت درێژەپێدەری ڕێگەی ئەو شەهیدانە بین، ئێستەش سەدەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە، بەڵام بەداخەوە ڕۆژانە چەندین ژن دەبنە قوربانی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی کۆمەڵگەی کوردی بەڕێوە دەبات، پەیامی من وەکو ژنێک ئەوەیە، ژنان لە هەر شوێنێکی جیهانن سەردانی ئەم ناوەندە بکەن.

 

ناوەندەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە وەکو بەشی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە، دیجیتاڵکردن، پەرتووکخانە، بەشی هونەر و توێژینەوە، هەروەها بەشێکی بۆ کۆکردنەوەی ئەو توێژینەوە و نووسراوانەیە کە ژنان نووسیویانە، بەشێکی ناوەندەکە تایبەتە بە ژنە خەباتکار ناگیهان ئاکارسەر، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی تیرۆر کراو، وەکو ڕێز گرتنێک بۆ ماندوبوونی و ئەو هەوڵانەی کە داویەتی لە پێناو کردنەوەی ناوەندێکی وەهادا.

 

"ناگیهان ئاکارسەل هەمیشە لە هەوڵی ناوەندێکی وابوو بۆ ژنان"

بێریتان گونێش، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە باکووری کوردستانەوە بەشدارە و کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد لە هەموو ژنان پیرۆز دەکات، وتیشی: لەو باوەڕە دام کە ئەم ناوەندە ببێتە شوێنێک ژن مێژووی خۆی بنووسێتەوە و هێز بدات بە ژنان و لێکۆڵینەوە لەسەر ژنان بکات، هەروەها هێز بدات بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و فەلسەفەی ژنۆلۆژی، ئێمەش توانیمان ئەو ئاواتەی ناگیهان ئاکارسەر هەیبوو، بە جێی بهێنین کە دەیویست ژنان دەستکەوتی خۆیان تۆمار بکەن، دەبێت ئەم ناوەندە بە زیندووی بهێڵینەوە و بەردەوام سەردانی بکەین.

 

"ناوەندەکە بەرهەمی ژنی کوردە"

کنێر عەبدوڵا، ئەندامی یەکێتی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، ناوەند و پەرتووکخانەی زۆر هەن لە باشووری کوردستان، بەڵام ناوەندێک نەبووە تایبەت بێت بە ژنان و لە ئاست خواستی ژناندا بێت، کە بە درێژایی مێژوو خەباتیان کردووە و مێژوویان هەبووە، ئەم ناوەندە بەرهەمی ژنی کوردە و جێگەی تواناکانی ژنی کوردی تێدا دەبێتەوە، بیرۆکەی کردنەوەی ناوەندیکی لەم شێوەیە ماوەی ٣ ساڵە ئیشی لەسەر دەکرێت، کردنەوەکەشی هەوڵ و ماندوبوونی ناگیهان ئاکارسەلە.