مامۆستایانی وانەبێژ: لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین تا وەڵاممان دەدرێتەوە

مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق بەردەوامن لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن و دەڵێن: ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن تا وەڵامی داواکاریەکانمان نەدەنەوە

شارەزوور

 

هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان مامۆستایانی وانەبێژی شارۆچکەی سەیدسادق بۆ چوارەم ڕۆژ لە بەردەم پەروەردەی شارەکەیان گردبوونەوە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.

 

داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەیە بکرێنە هەمیشەیی و موچەکانیان لە کاری خۆیاندا بدرێت، بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە و بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان.

 

تەرزە ڕەفیق، مامۆستایەکی وانەبێژە و دەڵێت: لە شەممەوە بەشداری خۆپیشاندانەکەم کردووە و ئێمە تەنها داوای مافی خۆمان دەکەین، ئێمە تەنها داوای دامەزراندن و بوون بە هەمیشەییمان کردووە و چەند ساڵە هەوڵ بۆ ئەو داوایەمان دەدەین و تائێستاش حکومەت هیچ وەڵامێکی   دڵخۆشکەری پێنەداینەتەوە.

 

ئەو وانەبێژە دەڵێت: من ماوەی شەش ساڵە وانەبێژم و مامۆستا هەیە زیاتر لە ١٠ ساڵە وانەبێژە، ئەو موچەیەی پێمان دەدرێت زۆر ناشایستە و وانەبێژ هەیە خێزاندارە، یاخود کرێچییە، یانیش هاتووچۆ دەکات بۆ قوتابخانەکەی، کە ئەمەش بەشی پێداویستییەکانی ناکات و ناچارە کارێکی دیکەش بکات.

 

قوتابخانەکانی ناوچەکە زیاتر مامۆستاکانی وانەبێژن

پەرێز قادر، مامۆستایەکی دیکەی وانەبێژە و بەشداری گردبوونەوەکەی کردووە و ئاماژەی بە بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتی و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن کرد و دەڵێت: وەزیری پەروەردە  لە وتارەکەیدا وتوویەتی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژمان باشکردووە، بەڵام لە ڕاستیدا باشکردن دامەزراندن و کردنمانە بەهەمیشەیی یاخود گرێبەست بۆ ماوەیەکی کاتی؟، هەتا وەڵامی داواکاریەکانمان دەستنەکەوێت، ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە ڕادەستی بەڕێوبەری قوتابخانەکانمان ناکەین.

 

هەروەها دەشڵێت: لە نەبوونی ئێمەدا دەوامی خوێندن بە تەواوی بەڕێوەناچێت و لە کاتژمێر ١٠:٠٠دا خوێندکارەکان دەگەڕێنەوە ماڵەوە، لە قوتابخانەکەی ئێمەدا ژمارەیەکی زۆر وانەبێژ هەن و قوتابخانە هەیە جگە لە بەڕێوبەر و یاریدەدەر تەواوی مامۆستاکان وانەبێژن، ئەم بایکۆتەی ئێمەش کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پەروەردە دەبێت.

 

ئەمیرە قانع، مامۆستایەکی دیکەیە و ماوەی هەشت ساڵە وانەبێژە، دەڵێت ئەمە داواکاری چەند ساڵەمانە و داواکارین دابمەزرێین و موچەکەمان شایستەی ماندووبوونمان بێت، ئەو موچەیەی وەریدەگرم، چەندێکی بدەم بە کرێی خانوو و چەنێکی بۆ کرێی هاتووچۆ، مامۆستا بەم دەروونە نائاسودەوە ناتوانێت بەردەوام بێت.

 

ئەو مامۆستایە دەشڵێت: وەزیری پەروەردە تاکە وەڵامێکی بۆ داواکەی ئێمە ئەوەبوو پشووی هاوین بڕی ٢٠٠ هەزاری پێدەداین کە بڕێکی ئێجگار کەمە و ئێمە ناتوانین بە پێدانی بڕێک پارە لەو بەشەی وەریدەگرین، وەک سوپاسگوزاری بۆ ماندوو بوونی دایک و باوکمان بیاندەینێ.

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە مامۆستایانی وانەبێژ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ و ئاماژە بەوە دەدەن کە بەردەوام دەبن لە بایکۆت و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە ڕادەستی بەڕێوبەرەکان ناکەن تا وەڵامی داواکاریەکانیان نەدەنەوە.