ژنێکی گەنج لە پاش ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی لەلایەن براکانی، ڕزگارکرا

لە سلێمانی ژنێکی گەنج کە لەلایەن براکانییەوە ئەشکەنجە دەدرا و زیندانی کرابوو، توانرا ڕزگار بکرێت.

سلێمانی

 

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا هەواڵدەرێک هەواڵیدا کە ژنێکی گەنج بە ناوی "ش. م. م." تەمەن ٢٥ ساڵ لەژێر ئەشکەنجە دایە و لەلایەن براکانییەوە لە ماڵی خۆیاندا زیندانیکراوە.


بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاندووە کە بۆ ئەم مەبەستە دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر تیمەکانیان لە نوسینگەی ڕۆژئاوای بەرێوەبەرایەتی گەیشتنە شوێنی مەبەست، توانیان ڕزگاری بکەن و سکاڵای تۆمار کرد، بە بڕیاری دادوەر براکانی دەستگیرکران و ژنە گەنجەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا بە مەبەستی ڕاپۆرتی پزیشکی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێستا جیهان لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە و چەندین چالاکی جۆراوجۆر بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت، بەڵام عەقڵیەتی پیاوسالار تەنانەت لەم ١٦ ڕۆژەشدا دەست لە ئەشکەنجەدانی ژنان هەڵناگرێت.