سیمۆزیۆمێک بە ناونیشانی "پاراستنی مافەکانی ژنان لە نێوان دەق و پراکتیکدا" پێشکەشکرا

لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، لەپێناو هۆشیارکردنەوەی تاک و خوێندکاران لە یەکێک لە زانکۆکانی شاری سلێمانی سیمپۆزیۆنێک دەربارەی ئاستەنگی و توندوتیژییەکانی سەر ژنان بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی گۆیژە لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، زانکۆی گۆیژە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ڤایۆلێت سیمپۆزیۆمێکیان بە ناونیشانی "پاراستنی مافەکانی ژنان لە نێوان دەق و پراکتیکدا" پێشکەشکرد.

 

سیمپۆزیۆمەکە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و هۆشیارکردنەوەی خوێنکارە کچەکان بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بەڕێوەبرا.

 

"ڕێگری لە ژنان دەکرێت ببنە بڕیاردەری خۆیان"

لە پانێلێکدا، سۆز حەمید، مامۆستای یاسا لە کۆلێژی زانکۆی سلێمانی، باسی لە "ئاڵەنگەرییەکانی بەردەم ژنان لە پیادەکردنی مافە ڕامییارییەکاندا" کرد و باسی لەوەکرد ژنان بە ئاستێکی کەم لە پێگە و پلەی بەرزدان، هەرکاتێک لە پێگەکانیشدا بن کەسێک یاخود حزبێک بووەتە بڕیاردەر بۆی، چونکە ڕێگە نادەن ژنان بڕیاردەر بن لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، وتیشی: کۆمەڵگە و ژینگەی کوردی وایکردووە ژنان سڵ لە پێگە سیاسییەکان دەکەنەوە زیاتر هەوڵ دەدەن لە شوێنی پەروەردەیی و دارایی کار بکەن لە بری ئەوەی لە سیاسەتدا کار بکەن".

باسی لەوەشکرد، ژنان نەک تەنها کێشەی سیاسی بەڵکو کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان هەیە لە هەر جێگەیەکی کۆمەڵگەدا بێت، هەروەها لە زۆر جێگەدا ژنان ڕووبەڕووی کێشە دەروونیەکان دەبنەوە بەوەی لە ڕووی دەروونییەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەو مامۆستایە پێی وایە ڕێکخستنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان کار نەکردن لە دژی ژنان، یەکێکە لە ڕێگە چارەسەرییەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان، هەروەها ژنان بۆ خۆشیان لە ڕووی پێگە سیاسییەکانەوە متمانەیان بە خۆیان بێت تا بتوانن ببنە بڕیاردەری خۆیان.

 

لە درێژەی سیمپۆزیۆمەک، هەریەک لە سانا کەمال، مامۆستا لە بەشی یاسای زانکۆی گۆیژە بابەتێکی بە ناونیشانی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پێداویستی هەموارکردنەوەی لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە هەنووکەییەکاندا"، شنۆ لەتیف، نوێنەری ڕێکخراوی ڤایۆلێت بابەتێکی بە ناونیشانی "ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کاتی کارکردندا"، دانیا سەلام فەرمانبەر لە بەشی ژمێریاری زانکۆی گۆیژە بابەتێکی بە ناونیشنای "ئاڵەنگەرییە داراییەکان کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە" پێشکەشکرد.

 

"دابونەریت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگری لە کارکردنی ژنان دەکات"

شنۆ ڕەشید، نوێنەری ڕێکخراوی ڤایۆلێت باسی لەوەکرد، ژنان لە هەر بوارێکدا بن بێ جیاوازی ئاستەنگیان بۆ یەتەپێش لە کارکردندا ئەمەش چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی، خراپی دۆخی دارایی، بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ناهۆشیاری تاک بەرامبەر کارکردنی ژنان، ئاستەنگە کۆمەلایەتییەکان هەن کە لە ڕێی کلتوور و دابونەریتەوە کۆمەڵگە بۆ ژنانی دروست کردووە لە ڕێی خێزانەکانەوە بەسەر ژناندا بەرجەستەی دەکەن، وتیشی: هەرکات ژنێک هەوڵی کارکردن بدات لە ڕێی خێزان و کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە بەوەی کارکردنی ژن عەیبەیە و دژی دابونەریتی کۆمەڵگەیە.