'لەدایک بوونی ڕێبەری کورد عەبدوڵا ئۆجالان خاڵی وەرچەرخانە"

دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادی ئۆجالان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەپەلە هەنگاو بنێن لە پێناو گەیشتن بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد  عەبدوڵا ئۆجالان و شکاندنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەریدا سەپێنراوە و بەدیهێنانی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەری نون بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەمڕۆ، بە بۆنەی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پێویستی پەیڕەوکردنی ڕێبازی خەبات و بەرخۆدان کردەوە، تا ئەوکاتەی لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد دەبێت.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە بۆنەی ٤ی نیسانەوە پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی جیهان و لە هەموو ئەو گەلانە دەکەین کە پێداگری لەسەر ڕۆیشتن بە ڕێگای ئازادی و خەبات دەکەن بۆ ڕزگاربوون لە سیستەمی دیکتاتۆری و سەرمایەداری، ٤ی نیسان بە واتای لەدایک بوونی ژنی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی ئازاد دێت، لەدایک بوونی ڕێبەری ئۆجالان لەدایکبوونی ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەیەکی دیموکراسییە، ئەو سەرکردەیەی کە خەباتی بۆ ڕزگاری ژنان کرد و خەباتی بۆ ئەم بیرۆکەیە کرد تا بگاتە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جيهان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خاڵی وەرچەرخانە بۆ خەڵکی تامەزرۆی ئازادی، ژیان و تەندروستی ئەویش بۆ ئێمە هێڵی سوورە، هەموو پیلانگێڕییەکان پووچەڵ دەکەینەوە و لەژێر دروشمی 'ئەوە' درێژە بە خەبات و بەرخۆدان دەدەین کاتی ئازادی جەستەییە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی تێکۆشان بۆ ئازادی دادەنرێت، ئەو ڕێبەرە تا ئێستاش خەبات دەکات بۆ ئاشتی و ئازادی و دژی سیاسەتەکانی فشار بۆ چارەسەری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە لەگەڵیدا خەبات دەکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوومان، بەردەوام دەبین و کار دەکەین بۆ ڕزگارکردنی لە ڕووی جەستەییەوە.

 

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناوی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژوودا نەمرکرد و فێری کردین چۆن ستراتیژێک بۆ دروستکردنی ژیان لە مردنەوە دروست بکەین و ئەمەش یەکەم ڕێگەی دەربازبوونە لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختی لەسەر پێویستیی درێژەدان بە بزووتنەوەی بەرگری و ڕێکخستنی گەل کردووەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، هەنگاو بنێن لە پێناو گەیشتن بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شکاندنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەریدا سەپێنراوە و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد بەدەستبهێنن، وتیشی: ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێندراوە پڕە لە ئەشکەنجەدان، بەتایبەت کە ماوەی چەند ساڵێکە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە.

 

هەروەها داوا لە لیژنەی ئەوروپی دژ بە ئەشکەنجە 'سی پی تی' کراوە لە دژی ئەم گۆشەگیرییە هەنگاو بنێن و فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها چارەسەرێکی ڕیشەیی و سیاسی بۆ پرسی کورد دابین بکەن.