"شایی ئەوان شینی ئێمە بووە هەموو کات"

بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری ژنان لە بارەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە داعشە نوێیەکانی سووریا، دەڵێت: "شایی ئەوان شینی ئێمە بووە هەموو کات"

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ڕووخانی ڕژێمی سووریا و چەتەکانی تەحریر شام، ئاڵوگۆڕی مەزنیان لە سووریادا دروستکرد، زۆرترین هەڵسەنگاندن لە بارەی دۆخی سووریاوە دەکرێت و ڕۆژانە لێدوانی جیاواز لە بارەی پێکهێنانی سووریایەکی نوێوە دەکرێت. ئەم هێرش و ئاڵوگۆڕانە ڕووی ڕاستی لایەنە سیاسییەکانی دەرخست و نیشانی دا کە ئایا پاڵپشتی لە چ شێوازە حکومڕانییەک و دەسەڵاتێک دەکەن.

 

بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری ژنان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بارەی هەڵوێستی حزبە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە باسێک دەکات و دەڵێت: "بەم گۆڕانکاریانەی سووریا و ناوچەکە، بەعسی عەرەبی و داعشی موسڵ و شەنگالمان بیرهاتەوە. هێزیکی داعشی دڵی ئیسلامیەکانی کوردستانی خۆش کردووە و شانازی دەکەن، لە کۆبوونەوەیەکی گشتی بووم سەبارەت بە هاوکاری ڕۆژئاوا و سووریا ئیسلامیەك ڕاستەخۆ بەرگری لە داعشە نوێیەکانی سووریا کرد لەناو سەد کەسەدا، ئەو پێیوابوو ئێمە هەموو نازانین یان چاوپۆشی دەکەین لەوەی ئەسەد چ تاوانێکی دەرحەق بە سووریەکان ئەنجامداوە".

 

بەهار مونزیر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، "ئیسلامیەکانی کوردستان زۆربەیان دڵخۆشن بەو ڕووداوانەی ئیمە لە خەمیداین، 'شایی ئەوان شینی ئێمە بووە هەموو کات'، جیاوازیەکە لەم بابەتە ڕیشەییانەوە دەردەکەوێت. بە هیوایەی بەرەی ئازادیخوازی بتوانیت بەهێز بێت تاکو هەموو ئەم دڕندانە لە کۆڵ مرۆڤایەتی بکاتەوە".

 

لە کۆتاییدا بەهار مونزیر خستیەڕوو، "ئەوەی لە زیندانەکانی سووریا دەیبینن، پێویستە ببێتە هۆکاری بە دادگایی گەیاندنی بکەرانی ئەو تاوانە ئیجگار گەورانەی لە دنیادا. بەرەی ئازادیخوازی لە جیهان قایل نەبێت بە شاردنەوەی ئەسەد و دار و دەستەکەی بدرێنە دادگای نێودەوڵەتی. لە لایەکی دیکەوە پەیوەندی کردن بەو تۆڕ و گروپانەی کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی چالاکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو هەموو تاوانەی بە منداڵ و مرۆڤەکان دەکرێت، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەهەر جیگایەك بەرەی ئازادیخوازی بەهێز بوو مرۆڤەکان پارێزراو تر دەبن. لە هەر جێگایەک یەکسانیخوازان و ژن دۆستان بەهێز بوون هیچ کەس ناتوانێت ژن بێبەش بکات لە دەرکەوتن و کاریگەری دروستکردن لەسەر سیاسەتی جیهان، ئەوەی لە سووریا دەبینرێت بەرگێکی دیکەی سەرکوت و زەبر و زەنگە. بە ئومێدی هۆشیاریمان لەسەر ڕووداوەکان هەبێت و دڵخۆش نەکەین بە سیاسەتی دژە مرۆڤانەی ئەوانەی کە وێنەی سیاسی خۆیان لەسەر سنگی منداڵانی بێتاوان دەکێشن. هەمیشە ئومێد بۆ ژیانێکی باشتر لۆجیک بوە نەك دروشم".