ژنانی چالاکوانی تونس: بڕیارە سیاسییەکان بە "مەیلی ئیسلامی" ئازادی ژنانی لیبیا سنووردار دەکەن
دوابەدوای دەرچوونی بڕیاری سەپاندنی حیجاب لە لیبیا، ژنانی چالاکوانی تونس هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ژنانی لیبیا ڕاگەیاند، جەختیان لەسەر پێویستی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارانە کردەوە کە ژنان لە مافە سروشتییەکانی خۆیان بێبەش دەکەن، وەک مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و جوڵە.
ئیخلاس حەمرونی
تونس- ماوەیەک لەمەوبەر عیماد ترابلوسی، وەزیری ناوخۆی لیبیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و کۆمەڵێک بڕیاری ڕاگەیاند وەک سەپاندنی حیجاب بەسەر ژنان و ڕێگریکردن لە گەشتکردنی ژنان بەبێ مەحرەم و دامەزراندنی "دەزگای ڕەوشتی گشتی" کە بە وتەی خۆی تایبەتمەند دەبێت بە: "ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی ڕەگەزەکان لە شوێنە گشتییەکان و چالاککردنی پۆلیسی ڕەوشتی لەسەر شەقامەکان" ئەمەش مشتومڕی بەرفراوانی لە لیبیا و دەرەوەی وڵات لێکەوتەوە.
ئەشراف بەنانی، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە شاری قاسرین، بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی لیبیا بۆ سەپاندنی حیجاب بەسەر ژنانی لیبیا و سەپاندنی مەحرەم بەسەر ژنە گەشتیارانی لیبیادا ئیدانە کردو وتی: وەک هاووڵاتییەکی تونسی دەبینم کە ئەم بڕیارە ناڕەوایەو ئازادییە کەسییەکان بە ناوی ئایینی ئیسلامییەوە سەرکوت دەکات، لەکاتێکدا هیچ ناچارکردنێک لە ئاییندا نییە و پێویست بە سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان ناکات، زۆربەی ژنانی تونس پشتیوانی ژنانی لیبیا دەکەن لە شەڕیان دژی ئەو توندوتیژییە سیاسییەی کە پراکتیزە دەکرێن دژی ئەوان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری حیجاب و ئازادی گەشتکردن هەڵبژاردەی کەسی ژنانە چونکە زەمان گۆڕاوە و جیهان شاهیدی شۆڕشە، هەروەها بارودۆخی گەشتکردن پارێزراوە.
لە بەرامبەردا، شەیما قاسمی، چالاکوانی ژنان وتی: ئەم بڕیارە نادادپەروەرییەکی زۆر لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت بۆ ژنانی لیبیا، لێدوانەکانی عیماد ترابلسی پێویستیان بە چاوخشاندنەوە هەیە لەبەرئەوەی ئەم یاسایانە ژنان ناچار دەکەن سوود لە مافەکانیان، وەک مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، بە تایبەتی حیجاب کردن یان نەکردن، و مافی جوڵە و گەشتکردن وەرنەگرن، ئەم بڕیارە کەسییە چونکە لەبەرکردنی حیجاب بابەتێکی کەسییەو هەڵبژاردنێکی کەسییە کە بەپێی یاسا سیاسییەکان نایەت، لەبەر باوەڕبوون بەو بیرۆکەیەی کە مافی مرۆڤ دابەش ناکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو ژنانەی لیبیا کە ئەم یاسایانە ڕەتدەکەنەوە، مافی خۆیانە پەنا بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان ببەن کە باوەڕیان بە مافەکانی خۆیان هەیە بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی خۆیان، ئەوەی وەزیری ناوخۆی لیبیا ئاماژەی پێکرد، بڕیارێکی ناڕەوایە بەرامبەر هەموو ژنێک.
مونیرە حیلمی، چالاکوانی ژنان دووپاتی کردەوە کە ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارانە وەک "بروسکە" وایە، چونکە "ئێمە گەیشتوینەتە دۆخێکی کارەساتبار بەو پێیەی گەیشتوینەتە سەدەی بیست و یەک و وەزیرێک لە سەرۆکایەتی دەوڵەتێکدایە کە ئەو جۆرە فەرمانانە دەسەپێنێت.
ئەو پێیوایە ئەم بڕیارانە پێگەی ژن دەگەڕێنێتەوە دواوە و وایان لێدەکات، لەبری ئەوەی داوای دەستکەوتی نوێ بکەن، بگەڕێنەوە گۆشەی سفر بۆ بەرگریکردن لە مافە سروشتییە دزراوەکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم بابەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسایەتی ژن دەبێت.
سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی ئەم جۆرە بڕیارانە کاریگەرییان لەسەر ژنانی تونس هەبێت، چالاکوانان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر ژنانی تونس نابێت "نە لە دوورەوە و نە لە داهاتوویەکی نزیکدا" چونکە "جیاوازی نێوان هەردوو وڵات زۆر گەورەیە بەهۆی ئەوەی کە ژنانی تونس چێژ لە دەستکەوتەکان وەردەگرن"، هاوشێوەی یاسای باری کەسی، کە ژنان بۆ چێژوەرگرتن لەم مافانە زۆر خەباتیان کردووە”.