"دەبێت ئێران دەست لە کردە و بڕیارەکانی دژی ژنان بەربدات"

ناڕەزایی و کاردانەوەکان بەرامبەر بە بڕیاری ئێران بۆ لەسێدارەدانی دوو ژنی چالاکوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیادبووندایە، ژنانی ڕۆژنامەنووسی شەنگال ڕایانگەیاند، دەبنە دەنگی ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لەسەر پێیەکانیانن و بەرخۆدان دەکەن.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ژنان لە هەموو بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپەرین و خەباتیان دەستپێکرد، بەمەش ڕژێمی ئێران سەدان کەسی دەستگیر کرد و زیندانی کرد، ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەمەدی کە بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ژنانیش کاری کردووە، یەکێکن لەو ژنانە، ئەو دوو ژنە بەرخۆدێرەی کە دەستبەسەر کرابوون، ئێستا ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووسی شەنگال ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی ژنانی کورد پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و ڕایانگەیاند کە ئەوان دەبنە دەنگی ڕاستییەکان.

 

"ئێمە دەبینە دەنگی ژنان لە زیندانەکاندا"

ڕۆژنامەنووس بێریڤان چیا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان دەبنە دەنگی ژنانی ناو زیندانەکان و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێش هەموو شتێک بڕیارەکەی ڕژێمی ئێران سەبارەت بە پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی شەرمەزار دەکەین، یەکێک لەو ژنانە ڕۆژنامەنووسە، یەکێکیشیان پارێزەری مافی مرۆڤ و ژنانە، لە ئێراندا ژنان دەکرێنە ئامانج، چونکە ئەوان لەسەرپێی خۆیان وەستاون، نەک هەر لە ئێران بەڵکو لە هەموو جیهاندا عەقڵیەتی پیاوان نایەوێت ژنان پێشبکەون، دەیەوێت بەردەوام لە ماڵەوە بن، ژنان دەیانەوێت بە ئازادی بژین و کار بۆ کۆمەڵگەکەیان بکەن.

 

"ژنان کێشەکانی کۆمەڵگەکەیان دەهێننە سەر زمان"

 لە کۆتایی قسەکانیدا ڕۆژنامەنووس بێریڤان چیا تیشکی خستەسەر ئەو هۆکارانەی کە ژنان لە لایەن دەسەڵاتەوە دەکرێنە ئامانج و وتی: وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس، دەنگی ئەو ژنانە دەبین کە ئەمڕۆ وەستاون و ئازادی خۆیان دەبەخشن و پاڵپشتی ژنانی ئازادیخوازانە دەکەن،. تەنانەت ئەگەر چوونە دەرەوە بۆ ژنان قەدەغە بێت، ژنان لە ناو ماڵدا خۆیان و دەوروبەری خۆیان پەروەردە دەکەن, با لە ڕوانگەی ڕۆژنامەوانییەوە بڵێین، ئەمڕۆ ژنان ئازارەکانی کۆمەڵگەکەیان دەردەبڕن، ئازارەکانی دایکان ڕادەگەیەنن هەر بۆیە ژنان دەکرێنە ئامانج، ئێمە چەندین جار ئەم بڕیارەی ئێران ئیدانە دەکەین و دەڵێین هەرگیز ناتوانن دەنگی ئەو ژنانە ڕابگرن کە ئێستا ڕاوەستاون,  داواکاریی ئێمە لە هەموو ژنێک ئەوەیە کە لە پێناو خۆیدا بوەستێت، نەک ملکەچبوون قبوڵ بکات.

 

"ئێران بە بڕیاری لەسێدارەدان بە ئامانجەکانی ناگات"

ڕۆژنامەنووس ڕۆژین حەبابی وێڕای ئیدانەکردنی بڕیارەکەی ئێران ڕایگەیاند، هەر بڕیار و کارێک کە دژی ژنان بگیرێتە بەر ناگاتە ئامانج و وتی: ئێمە بڕیاری دەوڵەتی ئێران شەرمەزار دەکەین و دژی هەر هێرشێکی سەر ژنان دەوەستینەوە و دەڵێین، هێرشەکانیان هەرگیز ناگاتە ئامانجەکانیان،  چونکە ژنان ڕاوەستاون و تێدەکۆسن، ئەمڕۆ له هەموو بوارەکانی ژیاندا به تایبەت له ئێران ژنان تووشی هێرشی دڕندانه دەبن، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، هەموو ژنێک لە ئێران دەستی بە خەبات کرد و ژنان هەرگیز ڕادەستی عەقڵییەتی پیاوان و دەوڵەت نابن.

 

"ڕاستییەکان ڕادەگەیەنین"

ڕۆژنامەنووس ڕۆژین حەبابی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت ئێران واز لە لەسێدارەدانی خەڵک بهێنێت و وتی: هەرچۆنێک هێرش بکەنە سەر ژنان، ژنان هەرگیز پاشەکشە ناکەن و خۆیان ڕادەست ناکەن، پەخشان عەزیزی ویستی دەنگی ژن بێت و ڕاستیەکان بڵێت، شەریفە  محەمەدی لە پێناو ئازادی ژناندا کاری کردووە، پشتگیری هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە لە زینداندان، ئێمە دەنگی ڕاستی دەبین و وەک پەخشان و شەریفە هەمیشە هەوڵی گەیاندنی ڕاستییەکان دەدەین، دەڵێین دەوڵەتی ئێران واز لە کردار و بڕیارەکانی دژ بە ژنان بهێنێت، چونکە بە ئامانجەکەی ناگات، ژنان دەزانن چۆن ئازاد بن، دیسانەوە ئەم بڕیارە ئیدانە دەکەین، وەک لە ڕاگەیاندنی ژنانی شەنگالدا هاتووە، پشتیوانی لە کەمپەینی "یەرەژە" دەکەین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە.