دەیان ژنە زیندانی سیاسی لە ئێران مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاند

٥٥ ژنە زیندانی سیاسی کە لە زیندانی ئەڤین لە ئێران دەستبەسەر کراون، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سزای لەسێدارەدان لە دژی چالاکوان شەریفە محەمەدی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٥٥ ژنە زیندانیی سیاسی دەستبەسەرکراو لە زیندانی ئەڤین ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەمەدی چالاکوانی کرێکاری، کە لە زیندانی لاکان لە شاری ڕەشت ڕاگیراوە، بە مەبەستی بەشداری کردن لە کەمپینی پشتیوانی شەریفە محەمەدی، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

شەریفە محەمەدی لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و لە ٣٠ی هەمان ماندا لە زیندانی لاکان لە ڕەشت بۆ زیندانی تاکەکەسی گواسترایەوە و دوای سێ مانگ لە زیندانی تاکەکەسی بۆ قاوشی گشتی هەمان زیندان گواسترایەوە.

 

دانیشتنی دادگا سەبارەت بە تۆمەتەکانی سەر چالاکوان شەریفە محەمەدی لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، و بەپێی سیناریۆیەکی دروستکراو و بەبێ هیچ بەڵگەیەک، بە تۆمەتی "خیانەت" دادگایی کرا.

 

لەناو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی شەریفە محەمەدی کراوە، ئەوەیە کە سەر بە گروپێکی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەکەی، شەریفە تەنها ئەندامی کۆمەڵەی ڕێکخراوەکانی کرێکاران بووە.

 

بەرەبەیانی ٤ی تەمموز، دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد، ئەمەش بووە جێگەی ناڕەزایەتی و دوێنێ ٥٥ ژنە زیندانی سیاسی زیندانی ئەڤین دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.