لە کۆبانێ یادی شەهید زیلان کرایەوە

ژنانی فورات، لە میانەی بەشداریکردنیان لە فێستیڤاڵی شەهید زیلان، پشتڕاستیان کردەوە کە ئازادیخوازی زیلان بە نمونەیەک بۆ خۆیان دەزانن و ئەو میراتەی کە لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە بە ڕۆشنکەرەی ڕێگای ئازادی دەزانن.

کۆبانێ

 

لە ٢٨هەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی زیلان "زەینەب کناجی"، یەکێتی ژنانی گەنج لە شاری کۆبانێ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سێهەمین فێستیڤاڵیان بۆ  شەهید زیلان ساز کرد.

 

بەرنامەی سێیەمین فێستیڤاڵی شەهید زیلان پێشکەشکردنی چەندین وتاری لەخۆگرتبوو زیلانی ئازادیخوازی وەبیرهێنایەوە، کە لە ساڵی ١٩٩٤ پەیوەندی بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە کرد و خەباتی کرد تا گیانی لەدەستدا لە ماوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦.

 

هەروەها فێستیڤاڵەکە نمایشی گۆرانی وتنی لەخۆگرتبوو، دواتر نمایشێکی شانۆیی لەلایەن تیپی زنوبیا لە شاری ڕەقەوە پێشکەشکرا، جگە لە نمایشکردنی کاری دەستی و چالاکیی وەرزشی، لەوانە بەرزکردنەوەی قورسایی و تایکواندۆ، هەروەها پێشبڕکێیەکی زانستی.

 

" ئۆپەراسیۆنەکەی وەڵامێک بوو بۆ پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا"

بێریتان ڕۆژ، وتەبێژی یەکێتی ژنانی گەنج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یادی شەهید زیلانی کردەوە، کە بووە نمونەیەک بۆ هەموو ژنانی جیهان، ڕوونیشیکردەوە، شەهید زیلان ئازادیخواز هێڵی ئازادی، خەبات و بەرخۆدانی ژنانە، توانی ئۆپەراسیۆنێکی گەریلا ئەنجام بدات کە دەنگی دایەوە و ئەمڕۆ بە سەدان ژن و ژنی گەنج هەن کە بەبێ دوودڵی ڕێبازەکەی پەیڕەو دەکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا بێریتان ڕۆژ وتی: ئۆپەراسیۆنەکەی وەڵامێک بوو بۆ ئەو پیلانانەی کە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داڕێژرابوون، هەرچەندە سەفەری خەباتگێڕیی ئەو تەنها ساڵێکی خایاند، بەڵام توانی لە ڕێگەی قووڵکردنەوەی بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەرەی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، دەستکەوتێکی گەورە بەدەستبهێنێت.

 

"تا سەرکەوتن بەدەست نەهێنین ڕێبازی شەهید زیلان بەرنادەین"

نادیە ئەغاسی، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج لە شاری کۆبانێ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یادی ئازادیخواز زەینەب کناجی دەکەینەوە کە ڕێگای ژنانی ڕووناک کردەوە و بووە نمونەی خەبات و خۆڕاگری، وتیشی: ئێمە وەک گروپێکی گەنج کە لەپێناو ئازادیی خۆماندا کار دەکەین و خەبات دەکەین، ئازادیخوازی شەهید زیلان و ئۆپەراسیۆنە گەریلاکەی بە نمونە دەزانین، جەختیشیکردەوە، تا ئەوکاتە بەردەوام دەبن لە شوێنپێی ئەو هەڤاڵە تا سەرکەوتن بەدەست دێت و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی جەستەیی لە زیندانی ئیمرالی ئازاد دەکرێت.