لە زانکۆی سلێمانی زنجیرە چالاکییەکی زانستی و هونەری بەڕێوەچوو

خوێندکارانی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی سلێمانی زنجیرەیەک چالاکییەکی هونەری، زانستی، گۆرانی و کاری دەستی و نیگارکێشانیان، بە بەشداری مامۆستایان و خوێندکاران پێشکەش کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی مامۆستا و خوێندکاران، زنجیرە چالاکییەکی هونەری و زانستی، گۆرانی و کاری دەستی ژنان و نیگارکێشان لەلایەن خوێندکارانی بەشەکەوە پێشکەشکرا.

 

سەرەتای چالاکییەکان بە پێشکەشکردنی گۆرانی و زانیاری دەربارەی هونەرمەند حەمەی نێرگز، هونەرمەندی باشووری کوردستان دەستی پێکرد، پاشان هێلان ستار، خوێندکاری بەشی زمانی زانکۆی سلێمانی چەند گۆرانییەکی بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەشکرد.

 

" ژنان هەموو کات پێشەنگی فێستیڤاڵەکانن و جێدەستیان دیارە"

ژوان شێرزاد، خوێندکاری بەشی وەرگێڕانی زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم جارە لە بەشی زمانی زانکۆی سلێمانی چالاکی لەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت، هەروەها ژنان بە چەندین کاری دەستی و خواردن و شێوەکاری بەشداریان کردووە، وتیشی: وەک خوێندکاران بۆ دەرچوون لە کەشوهەوای خوێندن و وەرگرتنی سود و زانیاری پێویستمان بە چالاکی لەم جۆرە دەبێت، ژنانیش ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە چالاکیەکان و ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکان، هەروەها پێویستە لەم چالاکییانەدا ژنان بە چەندن کاری جوان بەشدار ببن تا جێدەستی ژنان هەمیشە دیاربێت.

 

"پێویستە چالاکیەکانی زانکۆکان بەردەوامبێت تا خوێندکاران برەو بە تواناکانیان بدەن"

هانا عەبدولکەریم، خوێندکاری بەشی زمان و ڕێکخەری چالاکیەکان، ئاماژەی بەوە کرد، لەم فێستیڤاڵەدا خوێندکارانی بەشی زمان چەندین چالاکی هونەری و نمایشکردنی کارە دەستیەکانیان و چەندین چالاکی هونەری و زانستیان بەڕێوەبردووە، وتیشی: یەکەم چالاکیە لە بەشی زمانی زانکۆی سلێمانی ڕێکمان خستووە، کە خۆی لە چەندین بابەتی هەمەڕەنگدا دەبینێتەوە، ڕۆڵی قوتابیانیش لەم چالاکیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دیارە و هاوکاری مامۆستاکانیش بەردەست بووە بۆ ئەم چالاکیە، هیوادارم خوێندکاران برەو بە تواناکانیان بدەن و بەردەوام بن لەم چالاکیانە، زانکۆکانیش هەلی زیاتر بۆ خوێندکاران بڕەخسێنن بۆ کارەکانیان.

 

خوێندکاران بە نمایشەکانیان و خستنەڕووی بەرهەمە دەستییەکانیان کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێنا.